سەرۆک بارزانی: هاوخەمیی خۆمان بۆ حکوومەت و گەلی قەتەر دەردەبڕین
ئەمڕۆ یەکشەممە، 12ـی تەممووزی 2026، سەرۆک بارزانی، بۆ کۆچی دوایی شێخ حەمەد بن خەلیفە ئال سانی؛ پەیامێکی هاوخەمی ئاراستەی میری قەتەر، حکوومەت و گەلی ئەو وڵاتە کرد.
سەرۆک بارزانی دەڵێت، " جەنابی شێخ تەمیم بن حەمەد ئال سانی، بەڕێز میری دەوڵەتی قەتەر، بە خەم و پەژارەیەکی زۆرەوە، هەواڵی کۆچی دوایی خوالێخۆشبوو، باوکتان جەنابی میری باوک شێخ حەمەد بن خەلیفە ئال سانی-مان پێگەیشت، ئەو سەرکردەیەی تەواوی ژیانی بۆ خزمەتکردنی دەوڵەتی قەتەر و گەلەکەی تەرخان کرد".
لە پەیامەکەی سەرۆک بارزانیدا هاتووە "لەکاتێکدا پرسە و هاوخەمیی قووڵی خۆمان ئاراستەی جەنابتان، خێزانی بەرێزتان، حکوومەت و گەلی برای قەتەر دەکەین، لە خودای مەزن داواکارین کۆچکردوو بخاتە بەر میهرەبانیی فراوانی خۆی و بە بەهەشتی بەرینی شاد بکات، هەروەها دڵنەوایی و ئارامی بە ئێوە ببەخشێت".
شێخ حەمەد بن خەلیفە ئال سانی، بە میری باوک لە قەتەر ناسراوە، بەیانیی ئەمڕۆ یەکشەممە، 12ی تەممووزی 2026، لە تەمەنی 74 ساڵیدا کۆچی دوایی کرد.
ئەو لە نێوان ساڵانی 1995 بۆ 2013 دەسەڵاتی قەتەری بەدەستەوە بووە و بە ئەندازیاری قەتەری نوێ دەناسرێت. لە سەردەمی دەسەڵاتی ئەودا، قەتەر پێشکەوتنێکی گەورەی لە بواری ئابووری، هەناردەی غاز و پێگەی دیپلۆماسی لە جیهاندا بەخۆیەوە بینی.
ساڵی 2013 بە ویستی خۆی دەسەڵاتی رادەستی شێخ تەمیم بن حەمەدی کوڕی کرد.