کەرکووکی: ئەو پەرلەمانتارانەی بایکۆتیان کردووە بەرانبەر خوا و گەل تاوانبارن
کەمال کەرکووکی رەخنەی تووند لەو پەرلەمانتارانە دەگرێت کە بایکۆتی دانیشتنەکانیان کردووە و داوایان لێ دەکات بگەڕێنەوە پەرلەمان بۆ ئەوەی رێکارەکانی پێکهێنانی حکوومەت دەست پێ بکەن.
ئەمڕۆ یەکشەممە، 12ـی تەممووزی 2026، کەمال کەرکووکی، بەرپرسی پەیوەندییە گشتییەکانی پارتی دیموکراتی کوردستان، لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیدا، رایگەیاند، بەشێک لە پەرلەمانتاران سوێندی یاساییان خواردووە، بەڵام ئێستا دەوام ناکەن، ئەمەش پێچەوانەی سوێندەکەیانە و لەبەردەم خوا و گەلی کوردستاندا بە تاوانبار هەژمار دەکرێت. ب
بەرپرسی پەیوەندییە گشتییەکانی پارتی داوا لەو پەرلەمانتارانە دەکات ئەو کۆتوبەندە بشکێنن کە حیزبەکانیان بەسەریاندا سەپاندووە و بگەڕێنەوە هۆڵی پەرلەمان، بێ ئەوەی مەرجیان بەسەردا بسەپێنرێت بۆ چۆنیەتیی دەنگدان، بەڵکوو بەپێی ویست و باوەڕی خۆیان کار بکەن.
سەبارەت بە پرۆسەی سیاسی و پێکهێنانی کابینەی نوێ، کەرکووکی جەختی لەوە کردەوە، ناکرێت هەنگاوەکان پێچەوانە ببنەوە و عەرەبانە بخرێتە پێش ئەسپەکەوە.
روونیشی کردەوە، یەکەم ئەرک کاراکردنەوەی پەرلەمانی کوردستانە. دواتر بەپێی نەریتی دیموکراسی لە جیهاندا، ئەو لایەنەی زۆرینەی دەنگەکانی بەدەستهێناوە یەکەمجار بۆ پێکهێنانی حکوومەت رادەسپێردرێت. ئەگەر بەپێی یاسای سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان ئەو لایەنە لە ماوەی یەک مانگدا نەیتوانی کابینەکە پێکبهێنێت، ئەوا لایەنێکی دیکە رادەسپێردرێت.
ئەمە لە کاتێکدایە، ماوەی نزیکەی دوو ساڵە هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان کراوە، بەڵام تا ئێستا لایەنە سیاسییەکان، بەتایبەت پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لەسەر پێکهێنانی حکوومەتی نوێ رێکنەکەوتوون.
پارتی دیموکراتی کوردستان وەک براوەی یەکەم و خاوەنی زۆرینەی کورسییەکان، هەمیشە جەخت لە مافی دەستووریی خۆی دەکاتەوە بۆ پێکهێنانی کابینەکە.
بەپێی یاسا بەرکارەکانی هەرێمی کوردستان، دوای کۆبوونەوەی یەکەمی پەرلەمان و هەڵبژاردنی دەستەی سەرۆکایەتی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان کاندیدی گەورەترین فراکسیۆن رادەسپێرێت بۆ پێکهێنانی حکوومەت لە ماوەی یەک مانگدا.