هاووڵاتییانی رووسیا: بەهۆی گرانیی بەنزین دەبێت دەست بۆ ئۆتۆمبێلەکان رابگرین
قەیرانی سووتەمەنی لە رووسیا قووڵتر دەبێتەوە و بەهۆی هێرشەکانی ئۆکراینا بۆ سەر پاڵاوگەکانی نەوت، بەنزین لە ناوچە جیاوازەکانی ئەو وڵاتە دەست ناکەوێت، ئەمەش وای کردووە نرخی کەلوپەل و خۆراک بەرز ببێتەوە و شۆفێرانیش بۆ چەندین کاتژمێر لە نۆرەدا بووەستن.
لە وێستگەکانی فرۆشتنی بەنزین لە رووسیا، بەهۆی کەمیی سووتەمەنی و بەرزبوونەوەی نرخەکەیەوە، شۆفێران ناچارن چەندین کاتژمێر لە نۆرەدا بووەستن. شۆفێران دەڵێن، سەرەڕای گرانیی نرخەکەی، بەنزینی ئۆکتان بەرزیش دەست ناکەوێت.
ئیرینا دانیشتووی شاری یاکوتسکە و دەڵێت، بەنزین گران بووە و نرخی خۆراکیشی بەرز کردووەتەوە، نان گران بووە و تێچووی گەیاندن و گواستنەوەش زیادی کردووە.
هەروەها ئاماژەی بەوە کرد، هەر بەنزین گران بوو، تەنیا ئەوەندە بەس بوو بۆ ئەوەی هەموو نرخەکانی دیکە بەرز بکەنەوە، ئێستا خەڵک نازانێت روو لە کوێ بکات. ئەو هاووڵاتییە دەپرسێت، ئایا دەبێت پایسکیل بەکاربهێنن یان بە پێ بڕۆن لە کاتێکدا ژیان بەردەوامە؟
بەشێکی دیکە لە شۆفێرانی رووسیا دەڵێن، ئەگەر ئەم دۆخە بەردەوام بێت ناچار دەبن هاوشێوەی سەردەمی یەکێتیی سۆڤیەتی جاران لە شەقامەکان دەست بۆ ئۆتۆمبێلە حکوومییەکان رابگرن.
نیکۆلای دانیشتوویەکی دیکەی یاکوتسکە و باس لەوە دەکات، ئەمە هەمووی بە مەبەست کراوە بۆ ئەوەی نرخەکان بەرز بکەنەوە. ئێستا تەنیا هەوڵ دەدەن نرخەکان زیاد بکەن و تەواو. هەروەها دەڵێت، لە کۆتاییدا دەبێت دەست بۆ ئۆتۆمبێلە حکوومییەکان رابگرن تا بیانگەیەنن، رێک وەک سەردەمی سۆڤیەت، یان دەبێت بەنزین لە تانکییەکان دەربهێنین.
هۆکاری ئەم دۆخەی رووسیای تێکەوتووە دەخرێتە ئەستۆی ئۆکراینا. ڤلادیمیر پوتین سەرۆکی رووسیا رایگەیاند، بەهۆی هێرشەکانی کیێڤەوە پاڵاوگەکان پەکيان کەوتووە. ئەمەش وای کردووە نرخی لیترێک بەنزین رێژەی 20% بەرز ببێتەوە و بگاتە یەک دۆلار و 25 سەنت، لەگەڵ ئەوەشدا زۆرێک لە وێستگەکان بەنزینیان تێدا نییە و داخراون.