پڕۆژەی فریاگوزاری خێرای ئاوی هەولێر کێشەی ئاوی چارەسەرکردووە
پڕۆژەی "فریاگوزاریی خێرای ئاوی هەولێر" کە بەردی بناخەکەی لە ئەیلوولی 2024 دانرا، لە تەممووزی 2025 لەلایەن مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستانەوە کرایەوە. ئەم پڕۆژەیە کە ڕۆژانە توانای دابینکردنی 480 هەزار مەتر سێجا ئاوی پاکی هەیە، کۆتایی بە کێشەی کەمئاوی لە شاری هەولێر دەهێنێت.
پڕۆژەی فریاگوزاریی خێرای ئاوی هەولێر کە لەسەر زێی گەورە بنیات نراوە، نموونەیەکی درەوشاوەی توانای ئەندازیاری و ئیرادەی حکوومەتە بۆ خزمەتکردنی هاووڵاتییان. ئەم پڕۆژە زەبەلاحە لە ماوەیەکی پێوانەییدا و بە کارکردنی 24 کاتژمێری تەواو کرا، کە تێیدا 5000 دەستی کار و زیاتر لە 2000 ئامێری جیاواز بەشدار بوون.
ئەم پڕۆژەیە لە یەک کاتژمێردا زیاتر لە 21 هەزار مەتر سێجا ئاو لە زێی گەورە وەردەگرێت. لە رێگەی 20 پەمپی گەورە و دوو هێڵی سەرەکی کە تیرەی هەر یەکێکیان 160 سانتیمەترە، ئاوەکە بە درێژایی 8 کیلۆمەتر بۆ وێستگەی چارەسەرکردن دەگوازرێتەوە. پڕۆسەی پاککردنەوەی ئاوەکە لە چوار حەوزی گەورەی نیشتن و 16 حەوزی فیلتەرکردنی پێشکەوتوو پێکهاتووە، کە توانای هەر یەکێکیان 5000 مەتر سێجایە، دوای فلتەرکردنیش لە رێگەی پڕۆسەی کلۆرکردنەوە ئاوەکە بەتەواوی بۆ خواردنەوە شیاو دەکرێت.
بەشێکی گرنگی پڕۆژەکە بریتییە لە چوار کۆگای گەورە کە توانای گلدانەوەی 100 هەزار مەتر سێجا ئاوی پاکیان هەیە. لەم کۆگایانەوە، ئاوەکە لە رێگەی چوار هێڵی جیاواز بە تیرەی 120 سانتیمەتر و بە هاوکاریی 28 پەمپی پاڵنەر، رەوانەی ناوەندی شاری هەولێر دەکرێت تاوەکو بگاتە ماڵەکان.
ئەم پڕۆژەیە کە لە 8ـی ئەیلوولی 2024 دەستی پێکرد و لە 20ی تەممووزی 2025 بە فەرمی کرایەوە، بە یەکێک لە پڕۆژە هەرە سەرکەوتووەکانی کابینەی نۆیەمی حکوومەتی هەرێمی کوردستان دادەنرێت. جێبەجێکردنی ئەم پڕۆژەیە نیشانەی بایەخی جددیی سەرۆکی حکوومەتە بۆ دابینکردنی ژێرخانێکی بەهێزی خزمەتگوزاری و پاراستنی ئاسایشی ئاو بۆ دانیشتووانی پایتەخت.
پڕۆژەی ستراتیژیی فریاگوزاریی خێرای ئاوی هەولێر نەک تەنیا کێشەی کەمئاوی لە پایتەخت چارەسەر کرد، بەڵکو بووەتە هۆی پاراستنی سامانی ئاوی ژێرزەوی. بەهۆی ئەم پڕۆژەیەوە، زیاتر لە هەزار بیری قووڵ لە هەولێر داخران و تاران و گەڕەکەکان چاوییان بە ئاوی پاکی زێی گەورە گەشایەوە، ئەمەش وەرچەرخانێکی گەورەیە بۆ دابینکردنی ئاو بەپێی ستانداردە جیهانییەکان بۆ سێ دەیەی داهاتوو.
بۆ ماوەیەکی درێژ، گەڕەکەکانی دەوروبەری هەولێر، بەتایبەت بنەسڵاوە، بەدەست قەیرانی توندی کەمئاوییەوە دەیانناڵاند و هاووڵاتییان ناچار بوون بۆ دابینکردنی پێداویستییەکانیان پەنا بۆ تانکەری ئاو بەرن. بەڵام گەیشتنی پڕۆژەی فریاگوزاریی خێرای ئاوی هەولێر بۆ ئەو ناوچانە، دۆخەکەی بەتەواوی گۆڕی و کۆتایی بەو دەردەسەرییە هێنا.
یەکێک لە گرنگترین دەستکەوتەکانی ئەم پڕۆژەیە، داخستنی زیاتر لە هەزار بیری ئاوە لە سەرتاسەری هەولێر. پێش جێبەجێکردنی پڕۆژەکە، ئاستی ئاوی ژێرزەوی بە رادەیەکی مەترسیدار دابەزیبوو، بە جۆرێک قووڵیی بیرەکان گەیشتبووە نێوان 550 بۆ 700 مەتر. داخستنی ئەم بیرانە رێگە بۆ بووژانەوەی سروشتیی ئاوی ژێرزەوی خۆش دەکات و تێچووی دارایی سەر حکوومەت و هاووڵاتییانیش کەم دەکاتەوە.
ئەم پڕۆژەیە کە ئاو لە زێی گەورە وەردەگرێت، لە سێ قۆناخی جیاوازدا ئاوەکە فیلتەر دەکات. پڕۆژەکە توانای بەرهەمهێنانی 480 هەزار مەتر سێجا ئاوی هەیە لە 24 کاتژمێردا، کە بەسەر 260 هەزار هاوبەش لە سنووری پارێزگای هەولێردا دابەش دەکرێت. پسپۆڕان جەخت دەکەنەوە کە بەپێی ستانداردە جیهانییەکان، ئەم پڕۆژەیە توانای هەیە تا 30 ساڵی دیکە ئاسایشی ئاو لە پایتەخت بپارێزێت.
دانیشتووانی گەڕەکەکانی پایتەخت بە خۆشحاڵییەکی زۆرەوە باس لەم گۆڕانکارییە دەکەن. هاووڵاتییەکی بنەسڵاوە دەڵێت: "جاران بە پارەیەکی زۆر ئاومان بە تانکەر دەکڕی، تەنانەت زۆرکەس بەهۆی بیئاوییەوە خانووەکانیان بۆ فرۆشتن دانابوو، بەڵام سوپاس بۆ خودا و حکوومەت ئێستا ئاوی پاکمان هەیە و کێشەکەمان بنبڕ بووە."
ئەم پڕۆژەیە کە لە کابینەی نۆیەمی حکوومەتی هەرێمی کوردستاندا و لە ماوەیەکی پێوانەییدا تەواو کرا، بە یەکێک لە گرنگترین ژێرخانە خزمەتگوزارییەکان دادەنرێت کە ئامانج لێی دابینکردنی ژیانێکی شایستە و سەقامگیرە بۆ هاووڵاتییان.