پاکستان داوای کەمکردنەوەی گرژییەکان و دانبەخۆداگرتن لە ئێران دەکات
وەزیری دەرەوەی پاکستان لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنیدا لەگەڵ هاوتا ئێرانییەکەی، داوای هێورکردنەوەی دۆخەکە و گەڕانەوە بۆ مێزی گفتوگۆ دەکات. ئەمەش هاوکاتە لەگەڵ پەرەسەندنی ئاڵۆزییەکانی نێوان تاران و واشنتن لە گەرووی هورمزدا.
یەکشەممە، 12ـی تەممووزی 2026، محەمەد ئیسحاق دار، وەزیری دەرەوەی پاکستان، بە تەلەفۆن لەگەڵ عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران گفتوگۆی کرد و دوایین پێشهاتی ناوچەکەیان تاوتوێ کرد.
وەزارەتی دەرەوەی پاکستان لە راگەیەنراوێکدا رایگەیاند: ئیسحاق دار، جەختی لە پێویستیی کەمکردنەوەی گرژییەکان دانبەخۆداگرتنی ئێران کردەوە، بە تایبەت لە ژێر رۆشنایی پەرەسەندنی خێرای رووداوەکانی ناوچەکەدا.
بە پێی راگەیەنراوەکە، لە پەیوەندییە تەلەفۆنییەکەدا، وێڕای تاوتوێکردنی پرسی رووبەڕووبوونەوەی بەردەوامی نێوان ئەمریکا و ئێران لە ئاوەکانی گەرووی هورمز و دەوروبەریدا، جەخت لەوە کرایەوە، "گفتوگۆ و دیپلۆماسی تاکە رێگەی گونجاون بۆ چارەکردنی ناکۆکییەکان و دەستەبەرکردنی ئاشتی و سەقامگیریی بەردەوام لە ناوچەکەدا."
هەر ئەمڕۆ هێزی دەریایی سوپای پاسداران، بڕیاری داخستنی گەرووی هورمزی تا کاتێکی نادیار راگەیاند. ئەم هەنگاوە دوای ئەوە هات، هێزە دەریاییەکانی ئێران تەقەی ئاگادارکردنەوەیان لە کەشتییەک کرد.
بەرەبەیانی ئەمڕۆ، فەرماندەیی ناوەندیی هێزەکانی ئەمریکا (سێنتکۆم) لە راگەیەنراوێکدا ئاماژەی بەوە کردبوو، 140 ئامانجی سەربازییان لە ئێران پێکاوە و تێیدا فڕۆکە جەنگییەکان لە بنکە زەمینی و دەریاییەکانەوە بەشدارییان کردووە، لەگەڵ بەکارهێنانی درۆن و کەشتییە جەنگییەکان.