عەبدولحەمید عەواک بە سەرۆکی پەرلەمانی سووریا هەڵبژێردرا
بۆ یەکەمجار دوای 19 مانگ لە رووخانی رژێمی بەشار ئەسەد، پەرلەمانی نوێی سووریا لە دیمەشق یەکەم کۆبوونەوەی خۆی ئەنجام دا. لە دانیشتنەکەدا، عەبدولحەمید عەواک بە کۆی 99 دەنگ وەک سەرۆکی پەرلەمان هەڵبژێردرا. ئەحمەد شەرع، سەرۆکی سووریا لە گوتارێکدا داوای لە پەرلەمانتاران کرد سووریا بکەنە نموونەی بەرپرسیارێتی و دەستپێکی وەرچەرخان بەرەو دیموکراسی فەراهەم بکەن.
یەکشەممە، 12ی تەممووزی 2026، پەرلەمانی سووریا، یەکەم خولی کۆبوونەوەکانی دەستپێکرد. ئەم هەنگاوە وەک وەرچەرخانێکی گرنگ لە مێژووی سیاسیی ئەو وڵاتە دەبینرێت کە بۆ چەندین دەیە لەژێر دەسەڵاتی تاکڕەوی و پۆلیسیی بنەماڵەی ئەسەددا بوو.
پێگەی هەواڵی سانا بڵاوی کردووەتەوە، پەرلەمانتاران بە زۆرینەی دەنگ 99 دەنگ عەبدولحەمید عەواکیان وەک سەرۆکی نوێی پەرلەمانی سووریا هەڵبژارد.
عەواک کە لە دایکبووی ساڵی 1966ـە، کەسایەتییەکی ئەکادیمی و یاسایی دیارە؛ خاوەنی دکتۆرایە لە یاسای دەستووری و پێشتر وەک دادوەر لە وەزارەتی داد و مامۆستای زانکۆ لە زانکۆی ماردین ئەرتووکلو و زانکۆی فورات کاری کردووە.
ئەحمەد شەرع، سەرۆکی سووریا لە گوتارێکدا پەرلەمانی وەک "پلاتفۆرمی حیکمەت و پشتیوانی دەوڵەت" وەسف کرد و رایگەیاند: "ئەمڕۆ سووریا مێژوویەکی نوێ دەنووسێتەوە کە رەنگدانەوەی شارستانییەت و بەهاکانی بێت. با پێکەوە قۆناخی سووریای مۆدێرن بنیات بنێین، کە تێیدا خزمەتکردنی گەل ئامانجی هەموو بڕیارێک بێت."
پەرلەمانی نوێ لە 210 ئەندام پێکهاتووە؛ دوو لەسەر سێیان لەلایەن لیژنە ناوخۆییەکانەوە هەڵبژێردراون و 70 ئەندامەکەی دیکە لەلایەن ئەحمەد شەرعەوە دەستنیشان کراون.
کۆبوونەوەی یەکەم بە ئامادەبوونی 206 ئەندام بەڕێوەچوو، لە کاتێکدا کورسییەکانی پارێزگای سوەیدا کە زۆرینەی درووزن بەهۆی ئاڵۆزییەکانی ساڵی رابردوو هێشتا بە چۆڵی ماونەتەوە؛ بۆ یەکەمجار نوێنەرانی ناوچەکانی باکوور و باکووری رۆژهەڵاتی سووریا لە ناو پەرلەماندا جێگیر کراون دوای رێککەوتنیان لەگەڵ دەسەڵاتدارانی دیمەشق.
سەرەڕای ئەم هەنگاوە، هەندێک لە رێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی رەخنە لە شێوازی پێکهێنانی پەرلەمان دەگرن و پێیان وایە کە هەڵبژاردنی ڕاستەوخۆ ئەنجام نەدراوە. هەروەها نیگەرانی هەیە لە کۆبوونەوەی هەموو دەسەڵاتە جێبەجێکردنەکان لە دەستی شەرعدا لە ئامادەنەبوونی پۆستی سەرۆکوەزیراندا. پەرلەمانی نوێ ماوەی 30 مانگی لەبەردەمدایە بۆ تێپەڕاندنی قۆناخی ڕاگوزەر و تەواوکردنی رەشنووسی دەستووری نوێی وڵات.
عەبدولحەمید عەواک کێیە ؟
سەرۆکی ئەنجومەنی گەلی سووریا
ساڵی لەدایکبوون: 1966 و خەڵکی حەسەکەیە و بە ڕەگەز عەرەبە
بڕوانامەی بەکالۆریۆس لە بەشی یاسا لە زانکۆی حەلەب (1990).
دیپلۆم لە یاسای گشتیدا.
ماستەر لە یاسای کارگێڕیدا لە زانکۆی ئیسلامی لە لوبنان (2009).
دکتۆرا لە یاسای دەستووریدا لە زانکۆی بەیروتی عەرەبی.
بەڕێوەبەری کاروباری یاسایی لە بەڕێوەبەرایەتیی حەوزی دیجلە و خابوور لە نێوان ساڵانی 1993 بۆ 1998.
ئەندامی لێژنەی داڕشتنەوەی ڕەشنووسی ڕاگەیاندنی دەستووری.
مامۆستای یاریدەدەر لە زانکۆی "ماردین ئارتۆکلو" لە ساڵی 2016ـوە.
ڕاوێژکار لە "یەکەی پاڵپشتیی سەقامگیری".
مامۆستا لە کۆلێژی یاسای زانکۆی فورات.
دادوەر بە پلەی ڕاوێژکار لە وەزارەتی دادی سووریا بۆ ماوەی دە ساڵ.