مەزڵووم عەبدی: پشتگیرییەکانی لیندزی گراهام بۆ گەلی کورد لە مێژوودا دەمێننەوە
فەرماندەی گشتیی هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە)، لە پەیامێکی هاوخەمیدا کۆچی دوایی سێناتۆری دیاری ئەمریکی، لیندزی گراهامی بە "خەمێکی قووڵ" وەسف کرد و جەختی لەسەر ئەوە کردەوە، هەڵوێستە مێژووییەکانی ئەو سێناتۆرە لە پشتگیریکردنی کورد و هەوڵەکانی بۆ سووریایەکی ئاشتیخواز، هەرگیز فەرامۆش ناکرێن.
یەکشەممە 12ـی تەممووزی 2026، مەزڵووم عەبدی، فەرماندەی گشتیی هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە)، لە پەیامێکدا لە هەژماری خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی "ئێکس" بڵاوی کردووەتەوە و تێیدا نووسیویەتی: "بەبیستنی هەواڵی کۆچی دوایی سێناتۆر لیندزی گراهام زۆر دڵگران بووم."
مەزڵووم عەبدی وەسفی کاروانی سیاسی و سەربازیی سێناتۆر گراهامی کرد و ئاماژەی بەوە دا، ناوبراو خاوەنی سەرکردایەتییەکی خاوەن پرەنسیپ و خزمەتێکی بەفراوان بووە. فەرماندەی گشتیی هەسەدە گوتیشی: "پشتگیرییە نەگۆڕەکانی ئەو بۆ کورد و داکۆکیکردنی بێوچانی بۆ چەسپاندنی ئاشتی و دادپەروەری لە سووریا، لە مێژوودا بە نەمری دەتاشرێن."
مەزڵووم عەبدی هاوخەمیی دڵسۆزانەی خۆی ئاراستەی خێزان، هاوڕێیان و نزیکانی سێناتۆر گراهام کرد و هیوای خواست لە ئاشتیدا بحەسێتەوە.
سێناتۆر لیندزی گراهام یەکێک بوو لە دۆستە نزیکەکانی کورد لە ناو کۆنگرێسی ئەمریکادا و لە چەندین قۆناخی هەستیاردا داکۆکیکارێکی سەرسەختی پاراستنی بەرژەوەندییەکانی گەلی کورد بووە لە رۆژئاوای کوردستان و ناوچەکەدا.
ئەمڕۆ یەکشەممە، 12ی تەممووزی 2026، نووسینگەی لیندزی گراهام، سیناتۆری پارتی کۆمارییەکان لە ویلایەتی کارۆلاینای باشوور، لە ڕاگەیەنراوێکدا ئاماژەی بەوە کردووە، ئێوارەی ڕۆژی شەممە، 11ی تەممووز، سیناتۆر گراهام بەهۆی نەخۆشییەکی کورت و کتوپڕەوە، لە تەمەنی 71 ساڵیدا کۆچی دوایی کرد.