ئاری ئەحمەد: رەزامەندی سێ پرۆژەی دیکەی ئاو دەرچووە

بەڕێوەبەری گشتیی ئاو و ئاوەڕۆی هەرێمی کوردستان وەرچەرخانێکی نوێ لە کەرتی خزمەتگوزاریی ئاو ڕادەگەیەنێت و ئاشکرای دەکات، رەزامەندیی کۆتایی بۆ جێبەجێکردنی سێ پڕۆژەی گەورە و ستراتیژی لە قەزاکانی خەبات، سۆران و کەلار دراوە. جەختیش دەکاتەوە کە حکوومەت کار دەکات بۆ ئەوەی لە ڕێگەی پڕۆژەیەکی نوێوە، بۆ هەمیشە کۆتایی بە گرفتی کەمئاوی لە شاری سلێمانی بهێنرێت.

یەکشەممە 12ـی تەممووزی 2026، ئاری ئەحمەد، بەڕێوەبەری گشتیی ئاو و ئاوەڕۆی هەرێمی کوردستان، لە لێدوانێکی تایبەتدا بۆ "کوردستان 24" رایگەیاند: "لە چوارچێوەی هەوڵە بەردەوامەکانی کابینەی نۆیەم بۆ پاراستنی ئاسایشی ئاو، رەزامەندی لەسەر سێ پڕۆژەی نوێ دەرچووە کە بریتین لە پڕۆژەی ئاوی خەبات، پڕۆژەی دووەمی ئاوی سۆران و پڕۆژەی ئاوی کەلار."

ئاماژەی بەوەش کرد کە لە ماوەیەکی نزیکدا کارکردن تێیاندا دەستپێدەکات و بە تەواوبوونیان، کێشەی کەمئاوی لەو ناوچانە بەتەواوی چارەسەر دەبێت.

بەڕێوەبەری گشتیی ئاو و ئاوەڕۆ باسی لە گرنگیی ئەم پڕۆژانە کرد نەک تەنیا بۆ دابینکردنی ئاوی ماڵان، بەڵکو وەک رێگەیەک بۆ پاراستنی سامانی ئاوی ژێرزەوی کە بەهۆی وشکەساڵی و لێدانی بیرەوە کەوتووەتە ژێر مەترسییەوە.

لە بەشێکی دیکەی لێدوانەکەیدا، ئاری ئەحمەد سەرنجی خستە سەر گرفتی ئاو لە شاری سلێمانی و گوتی: "دەمانەوێت لە رێگەی پڕۆژەیەکی تۆکمەی ئاوەوە کۆتایی بەو قەیرانە بهێنین کە ساڵانێکە بەرۆکی شارەکەی گرتووە."