ئیسرائیل: لەم قۆناخەدا ئێران هێرش ناکاتە سەرمان

کەناڵی 12ـی عیبری، بڵاویکردەوە کە بەپێی خەمڵاندنە هەواڵگرییەکان، ئێران لەم قۆناخەدا نیازی هێرشکردنە سەر ئیسرائیلی نییە، ئەمەش بۆ ئەوەی رێگری بکات لە پەرەسەندنی زیاتری گرژییەکان و نەگەڕانەوەی جەنگ بۆ ئاستێکی توندی مەترسیدار.

یەکشەممە 12ـی تەمووزی 2026، بە گوێرەی راپۆرتێکی کەناڵ 12ـی ئیسرائیل کە لە زاری بەرپرسانی ئەو وڵاتەوە گواستییەوە: "ئێران لەم کاتەدا نایەوێت هێرش بکاتە سەر ئیسرائیل، چونکە دەترسێت ئەو هەنگاوە ئاستی جەنگەکە بگەیەنێتە لوتکە." ئەو بەرپرسانە ئاماژەیان بەوەش کردووە، بەرەی جەنگەکە بۆ ئیسرائیل فراوان نابێت تەنیا لە یەک حاڵەتدا نەبێت، ئەویش ئەوەیە کە ئەمریکییەکان یان ئێرانییەکان بڕیار بدەن ئێمەش پەلکێشی ناو جەنگەکە بکەن.

لەلایەکی دیکەوە، ماڵپەڕی "واڵا"ی عیبری بڵاویکردەوە، سوپای ئیسرائیل کەوتووەتە دۆخی ئامادەباشیی بەرگرییەوە بۆ رووبەڕووبوونەوەی چەندین سیناریۆی جیاواز، ئەوەش دوای ئەوەی لە هەفتەی رابردووەوە گرژییەکانی نێوان ئەمریکا و ئێران گەیشتوونەتە ئاستێکی نوێ، ماڵپەڕەکە ئاماژەی بەوەش کردووە، سوپای ئیسرائیل و ئەمریکا مەشقی هاوبەشیان ئەنجام داوە لەسەر سیناریۆی بەشداری ئیسرائیل لە وەشاندنی گورزی سەربازی دژی تاران.

ئەم پەرەسەندنانە هاوکاتن لەگەڵ راپۆرتێکی ماڵپەڕی "ئەکسیۆس"ی ئەمریکی کە تیایدا هاتووە، ئێوارەی رۆژی یەکشەممە هێزەکانی ئەمریکا زنجیرەیەک هێرشیان کردووەتە سەر چەندین ئامانجی سەربازیی سەر بە سوپای پاسدارانی ئێران، لەوانە سیستەمی مووشەکی، بەرگریی ئاسمانی و بەلەمە جەنگییە بچووکەکان.