کوێت: چەند پێگەیەکی سەربازی و نەوتیی وڵاتەکە هێرشیان کراوەتەسەر

وەزارەتی بەرگریی کوێت رایگەیاند، چەند پێگەیەکی سەربازی و ئابووریی وڵاتەکە لە وشکانی و دەریاوە رووبەڕووی هێرشی دوژمنکارانە بوونەتەوە و ئاماژەشی داوە، هێرشەکان بنکەکانی باکووری وڵات و پلاتفۆرمێکی نەوتییان کردووەتە ئامانج، کە برینداربوونی کارمەندێک و زیانی ماددی لێکەوتووەتەوە.

یەکشەممە 12ی تەممووزی 2026، سعوود عەبدولعەزیز عەتوان، گوتەبێژی وەزارەتی بەرگریی کوێت، رایگەیاند، سێ بنکەی سنووری لە وشکانییەکانی باکووری وڵات رووبەڕووی هێرشی توند بوونەتەوە؛ ئاماژەی بەوەش کرد، ئەم هێرشانە بوونەتە هۆی کەوتنەوەی زیانی ماددی لەو بنکانەدا.

لەسەر ئاستی دەریاییش، وەزارەتی بەرگری ئاشکرای کرد، یەکێک لە پلاتفۆرمە دەریاییەکانی هەڵکەندنی نەوت سەر بە "کۆمپانیای نەوتی کوێت" لە ناو ئاوە هەرێمییەکاندا، لە رێگەی فڕۆکەیەکی بێفڕۆکەوانی (درۆن) "دوژمنکارانە"وە کراوەتە ئامانج. ئەم هێرشە ئاسمانییە جگە لە زیانی ماددی، بووەتە هۆی برینداربوونی یەکێک لە کارمەندانی وێستگەکە، ئێستا لەژێر چاودێریی پزیشکیدایە.

سوپای کوێت جەختی کردەوە، لایەنە پەیوەندیدارەکان دەستبەجێ رێکاری پێویستیان بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ ئەم رووداوانە گرتووەتە بەر و هەماهەنگی لە ئاستێکی باڵادایە. سەرۆکایەتیی ئەرکانی گشتیی سوپا دووپاتی کردەوە، هێزە چەکدارەکانیان لەوپەڕی ئامادەباشیدان و هەموو هەنگاوێکی پێویست دەنێن بۆ پاراستنی ئاسایش و سەلامەتیی خاکی کوێت.

کەمێک پێش ئێستا بەرپرسێکی باڵای ئەمریکی بە ئەکسیۆسی راگەیاندبوو، سوپای ئەمریکا چەند هێرشێکی چڕی بۆ سەر چەند خاڵێکی جیاواز لە دەوروبەری گەرووی ستراتیژیی هورمز ئەنجام داوە.

ئەو بەرپرسە ئەمریکا باسی لەوەش کردبوو، ئامانجی هێرشەکان پەکخستنی سیستەمە مووشەکییەکان و بەرگرییە ئاسمانییەکانی ئێران بووە، لەگەڵ تێکشکاندنی ژمارەیەک لە بەلەمە خێرا و بچووکەکانی سوپای پاسداران.

هەروەها حوسێن ئەمیرتەیمووری فەرمانداری قەشم بە ئاژانسی "ئیرنا" رایگەیاندبوو لە ئێوارەی ئەمڕۆ یەکشەممەوە، 10 بۆ 11 موشەک یان درۆنی دوژمن دوورگەی قەشمیان بۆردوومان کرد.

ئاماژەشی دا، "تەواوی ئەو شوێنانەی کراونەتە ئامانج پێگەی سەربازی بوون؛ خۆشبەختانە ئەم هێرشانە هیچ زیانێکی گیانییان لێ نەکەوتووەتەوە."