ئەڵمانیا 50 هەزار درۆن بۆ ئۆکرانیا دەکڕێت
سەرچاوەیەکی ئاگادار بە ئاژانسی "رۆیتەرز"ی راگەیاندووە، حکومەتی ئەڵمانیا تێچووی کڕینی نزیکەی 50 هەزار درۆنی هێرشبەر بۆ ئۆکرانیا دابین دەکات، ئاماژەی بەوەشکردووە، ئەمە وەک یەکێک لە گەورەترین گرێبەستە راگەیەندراوەکانی وڵاتانی رۆژئاوا بۆ کڕینی درۆن بۆ سوپای کیێڤ هەژمار دەکرێت.
یەکشەممە 12ـی تەمووزی 2026، ئۆکرانیا لە جەنگی دژ بە رووسیا کە زیاتر لە 4 ساڵە بەردەوامە، بە شێوەیەکی بەرچاو پشت بە جۆرە جیاوازەکانی ئامێرە بێفڕۆکەوانەکان دەبەستێت، ئەم گرێبەستە درۆنەکانی جۆری "شرایک"ی هێرشبەر دەگرێتەوە کە لەلایەن کۆمپانیای "سکای فۆڵ"ی ئۆکرانییەوە بەرهەم دەهێنرێن و سیستەمی کۆمپیوتەریی کۆمپانیای "ئۆتێریۆن"ی ئەمریکییان لەسەر جێگیر کراوە، کە توانای شوێنکەوتنی ئامانجە جوڵاوەکان و لێدانی خودکاریان هەیە لە قۆناغی کۆتایی فڕیندا.
لەمبارەیەوە، لۆرێنز مایەر، سەرۆکی جێبەجێکاری کۆمپانیای "ئۆتێریۆن"، قەبارەی گرێبەستەکەی پشتڕاست کردەوە و روونی کردەوە، بەهای گرێبەستەکە نزیکەی 90 ملیۆن یۆرۆیە و لەلایەن ئەڵمانیاوە پاڵپشتی کراوە، ئاماژەی بەوەش کردووە، بەشێک لەو درۆنانە رادەستی حکوومەتی ئۆکرانیا کراون و بڕیارە ئەوانی دیکەش لە ماوەی ئەمساڵدا بگەنە دەستیان.
لەلایەکی دیکەوە و لە رووداوێکی سیاسیی گرنگدا، ڤۆلۆدیمێر زێلێنسکی، سەرۆکی ئۆکرانیا، نیازی خۆی بۆ دوورخستنەوەی یولیا سفێریدینکۆ، سەرۆک وەزیرانی وڵاتەکەی راگەیاند، ئەم بڕیارە لە چوارچێوەی گۆڕانکارییەکی بەرفراوانی کابینەی حکوومەتدایە بۆ گونجاندنی دامەزراوەکان لەگەڵ ستراتیژییەکی سیاسیی نوێدا، لە کاتێکدا جەنگ پێ دەنێتە پێنجەمین ساڵی خۆیەوە.
زێلێنسکی رایگەیاند: "گۆڕانکاری لە پۆستەکاندا دەست پێ دەکات بۆ دڵنیابوونەوە لە جێبەجێکردنی ستراتیژییە سیاسییە نوێیەکە." هەروەها سوپاسی کارە روون و کاریگەرەکانی سفێریدینکۆی کرد لە ماوەی ساڵی رابردوودا و ئاماژەی بەوە کرد، ئەرکێکی نوێی لە بواری پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکاندا لەگەڵ هاوبەشە سەرەکییەکان پێ دەسپێرێت، زێلێنسکی جەختیشی کردەوە، ئەم گۆڕانکارییانە سەرۆکی دەزگاکانی جێبەجێکردنی یاساش دەگرێتەوە.