هیوا ئەفەندی: ئەوانەی بەشداردەبن لە ئەسیکۆدا دەبێت پێناسی دیجتاڵییان هەبێت

سەرۆکی فەرمانگەی تەکنۆلۆژیای زانیاریی هەرێمی کوردستان رایدەگەیەنێت، لە سایەی شۆڕشی دیجیتاڵیی کابینەی نۆیەمدا، کوردستان چووەتە ریزی 10 وڵاتە پێشەنگەکەی جیهان لە پێشکەشکردنی خزمەتگوزاریی ئەلیکترۆنی، ئاشکراشی دەکات سیستەمە نوێیەکانی وەک ئەسیکۆدا و تۆماری دیجیتاڵیی کۆمپانیاکان، متمانەی تەواوی بەغدایان بەدەستهێناوە و بەشێکی زۆری کێشە دارایی و کارگێڕییەکانی نێوانیانی چارەسەر کردووە.

یەکشەممە 12ـی تەممووزی 2026، هیوا ئەفەندی، سەرۆکی فەرمانگەی تەکنۆلۆژیای زانیاریی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، لە بەرنامەی باسی رۆژی کوردستان24، کە لەلایەن ژینۆ محەممەد پێشکەش دەکرێت، نەخشەی وەرچەرخانە دیجیتاڵییەکانی کابینەی نۆیەمی خستەڕوو.

هیوا ئەفەندی رایگەیاند، هەرێمی کوردستان چووەتە ریزی ئەو 10 وڵاتەی جیهان کە هاووڵاتییان دەتوانن لە ماڵەوە کارە کارگێڕییەکانیان راپەڕێنن. جەختیشی کردەوە، سیستەمە پێشکەوتووەکانی هەرێم، نەک تەنیا خزمەتگوزارییەکانیان خێرا کردووە، بەڵکو بوونەتە جێگەی متمانەی حکوومەتی فیدراڵ و بەشێکی زۆری کێشە هەڵپەسێردراوەکانی نێوان هەولێر و بەغدایان چارەسەر کردووە.

سەرۆکی فەرمانگەی تەکنۆلۆژیای زانیاری ئاشکرای کرد کە لە رێگەی ئەپڵیکەیشنی "کەی ئاڕ دی پاس" (KRD-Pass)ەوە، خزمەتگوزارییەکان گواستراونەتەوە بۆ ناو ماڵی هاووڵاتییان. تا ئێستا 700 هەزار کەس خۆیان تۆمار کردووە و رۆژانە 2 بۆ 3 هەزار کەسی نوێ زیاد دەبن.

گوتیشی: هاووڵاتییان دەتوانن لە رێگەی ئەم ئەپەوە مۆڵەتی شۆفێری، ساڵنامەی ئۆتۆمبێل، زانیاریی مووچە و پێبژاردنەکان ببینن. هەروەها رایگەیاند: "لە دوو هەفتەی داهاتوودا، هاووڵاتییانی سلێمانی و هەڵەبجەش دەتوانن خۆیان تۆمار بکەن و خزمەتگوزاریی پارەدانی کارەبا و پێبژاردنەکانیش کارا دەبێت."

هیوا ئەفەندی دڵنیایی دایە هاووڵاتییان کە سیستەمەکە لەسەر بنەمای یاسای (GDPR)ی ئەوروپی بۆ پاراستنی داتا دروست کراوە و هیچ زانیارییەک بەبێ رەزامەندی بەکارهێنەر بڵاو ناکرێتەوە، هاوکات پۆلیس دەتوانێت لەرێگەی ئەم سیستەمەوە رێگری لە فێڵ و ساختەکاری بکات.

لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا، هیوا ئەفەندی ئاماژەی بە سەرکەوتنی سیستەمی "ئەسیکۆدا" کرد و ئاماژەی دا، "هیچ کۆمپانیایەک ناتوانێت بەشداری لەم سیستەمەدا بکات ئەگەر پێشتر لە تۆماری دیجیتاڵیی کۆمپانیاکانی هەرێمدا ناوی نەبێت." ئاشکراشی کرد، حکوومەتی عێراق متمانەی تەواوی بەم تۆمارە هەیە و گوتی: "ئەم سیستەمە دیجیتاڵییانە بەشێکی زۆری کێشەکانی نێوان هەرێم و بەغدایان چارەسەر کردووە."

سەبارەت بە شەفافییەت و کارگێڕی، سەرۆکی فەرمانگەی تەکنۆلۆژیای زانیاریی حکوومەتی هەرێمی کوردستان گوتی: لە رێگەی سیستەمی پێرۆڵەوە، حکوومەت بە وردی خەرجی و داهاتەکان دەزانێت و ئێمە لیستی مووچەی فەرمانبەران بە یەک کلیک بۆ بەغدا دەنێرین، لە کاتێکدا ئەوان هێشتا بە وەرەقە مامەڵە دەکەن و تا پێنج ساڵی دیکەش ناگەنە ئەم ئاستە." هاوکات ئاماژەی بەوە کرد، لە پڕۆژەی هەژماری مندا تا ئێستا 887 هەزار کارت دراونەتەوە بەشداربووان.

هیوا ئەفەندی سەرنجی خستە سەر ئەوەی کە ئەم شۆڕشە دیجیتاڵییە لە ساڵی 2019ـوە بە راسپاردەی مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێم، دەستی پێکردووە و تا ئێستا 2 ملیۆن و 300 هەزار کەس خاوەنی پێناسەی دیجیتاڵین. سەبارەت بە پڕۆژەکانی داهاتوو، رایگەیاند، کار لەسەر پڕۆژەی خاوەن دەکەن بۆ دیجیتاڵکردنی سیستەمی خانووبەرە، هەروەها سیستەمی باج و نەهێشتنی کاغەز لە دامەزراوەکاندا کە ئێستا لە نووسینگەی سەرۆکوەزیران و چەند وەزارەتێک جێبەجێ کراوە.

هیوا ئەفەندی باسی لە سیستەمی سکاڵای هاووڵاتییان کرد کە لە هەموو دامەزراوەکان جێگیر کراوە بۆ ئەوەی هاووڵاتی راستەوخۆ گلەییەکانی لە بەرپرسان بگەیەنێت، و داواشی لە هەمووان کرد هاوکار بن و خۆیان لەم پلاتفۆرمە مۆدێرنانەدا تۆمار بکەن.