ئەمریکا هێرشی کردە سەر دەیان پێگە لە ئێران و گەرووی هورمز
سوپای ئەمریکا رایگەیاند، شەپۆلێکی نوێی هێرشەکانی بۆ سەر دەیان پێگە لە ناوخۆی ئێران کۆتایی پێهێناوە. ئامانج لەم هێرشانە وەک ئەمریکا دەڵێت گەرەنتی کردنی ئازادیی هاتوچۆی دەریاییە لە گەرووی هورمز.
ئەمڕۆ دووشەممە، 13ـی تەممووزی 2026، فەرماندەیی ناوەندیی ئەمریکا (سێنتکۆم) لە بەیاننامەیەکدا رایگەیاند، هێرشەکان لە رێگەی فڕۆکەی جەنگی، کەشتیی جەنگی، درۆنی هێرشبەر و بۆ یەکەمجاریش بەلەمی بێسەرنشینی هێرشبەر ئەنجامدراون. ئامانجەکان پێکهاتبوون لە؛ سیستەمی بەرگریی ئاسمانیی ئێران، بنکە رادارییە کەنارییەکان و توانای موشەکی و درۆن و بەلەمە جەنگییە بچووکەکان. هەروەها سوپای ئەمریکا رایگەیاند، سەرکەوتوو بوون لە خستنەخوارەوەی موشەکێکی کرووز و درۆنی ئێرانی.
ئەم هێرشانە بە فەرمانی راستەوخۆی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا ئەنجامدراون بۆ سزادانی هێزە ئێرانییەکان. ئەمریکا دەڵێت؛ سوپای پاسداران پێشتر تەقەیان لە کەشتییە بازرگانییەکان کردووە لە گەرووی هورمز و ئەم هێرشانەش بۆ کەمکردنەوەی توانای ئێرانە لە هێرشکردنە سەر دەریاوانە سڤیلەکان.
لای خۆیانەوە میدیاکانی ئێران بڵاویانکردەوە، دەنگی تەقینەوەی بەهێز لە چەندین شار و ناوچە بیستراوە، لەوانە: سیریک، بەندەر عەباس، قەشم، جاسک، بوشەهر، عەبادان، چابەهار و ناوچەکانی باشووری رۆژهەڵاتی سیستان و بەلوچستان.
هێرشێکە بۆ سەر وێستگەیەکی پەمپکردنی ئاو لە شاری ماهشەهر، کەسێک کوژرا و چوار کەس بریندار بوون، هەروەها هێرش کرایە سەر بنکەی چوارەمی ئاسمانی لە دێزفول لە باکووری ئەهواز و کارەبای شاری ئەهواز بەتەواوی بڕاوە.
لای خۆیەوە سوپای پاسدارانی ئێران رایگەیاند، هێزە دەریاییەکانیان ئۆپەراسیۆنێکیان بۆ راگرتنی دوو کەشتیی سەرپێچیکار ئەنجامداوە کە مەترسییان بۆ سەر کەشتییە بازرگانییەکان لە گەرووی هورمز دروست کردبوو.