سوپای ئوردن: چوار مووشەکی ئێرانمان تێکشکاند
سوپای ئوردن، لە بەیاننامەیەکدا رایگەیاند؛ سیستەمی بەرگریی ئاسمانی وڵاتەکەی توانیویەتی چوار مووشەک کە لە ئێرانەوە ئاراستە کرابوون، بەرپەرچ بداتەوە و بییانخاتە خوارەوە، بێ ئەوەی هیچ زیانێکی گیانی یان ماددییان لێ بکەوێتەوە.
لە بەیاننامەکەدا، لە زاری سەرچاوەیەکی سەربازیی بەرپرسی ئوردنییەوە بەرەبەیانی ئەمڕۆ دووشەممە، 13ـی تەممووزی 2026، بڵاوکراوەتەوە، هاتووە: "سیستەمەکانی بەرگریی ئاسمانی چوار مووشەکیان تێکشکاندووە کە لە خاکی ئێرانەوە هاتبوون."
سەرچاوە سەربازییەکە جەختیشی کردەوە کە پڕۆسەی خستنەخوارەوەی موشەکەکان هیچ زیانێکی مرۆیی یان ماددی لێ نەکەوتووەتەوە.
بەرەبەیانی ئەمڕۆ سوپای پاسدارانی ئێران ئەنجامدانی زنجیرەیەک هێرشی نوێی بۆ سەر بنکە و شوێنە سەربازییەکانی ئەمریکا لە وڵاتانی بەحرەین، کوەیت و ئوردن راگەیاند. ئەم هێرشە تەنیا چەند کاتژمێرێک دوای ئەوە هات کە واشنتن کۆتاییهاتنی شەپۆلێکی هێرشە ئاسمانییەکانی بۆ سەر ئامانجە ئێرانییەکان راگەیاندبوو.
ئاژانسی فەرمیی هەواڵی ئێران ئیرنا لە زاری سوپای پاسدارانەوە بڵاویکردەوە، هێرشەکان بنکەی ئاسمانیی شازادە حەسەن لە ئوردن، سەنتەری فەرماندەیی درۆنەکانی ئەمریکا لە بەحرەین و چەند بنکەیەکی دیکەیان گرتووەتەوە، کە بنکەی عەلی سالم لە کوەیت یەکێکیان بووە.
هەروەها میدیا ئێرانییەکان ئاماژەیان بەوە کردووە، لە چوارچێوەی ئەوەی ناویان ناوە قۆناخی دووەمی ئۆپەراسیۆنە وەڵامدەرەوەکان، بنکەی ئاسمانیی شێخ عیسایان لە بەحرەین کردووەتە ئامانج.
سوپای پاسداران دەڵێت؛ هێرشەکەی سەر بنکەی شازادە حەسەن لە ئوردن لە رێگەی مووشەک و درۆنەوە ئەنجامدراوە و بووەتە هۆی ئاگرکەوتنەوە لە کۆگاکانی سووتەمەنی و تەقەمەنی.
سوپای پاسداران جەختی کردەوە، ئەم هێرشانە وەک وەڵامدانەوەیەکە بۆ ئەو پەلامارانەی ئەمریکا کە بنکە و دامەزراوە سەربازییەکانی کەناراوەکانی ئێرانیان کردبووە ئامانج، هەروەها ئاماژەی بەوەش کردووە، ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکانیان هێشتا بەردەوامن.