سەرۆکوەزیرانی عێراق بەرەو ئەمریکا بەڕێکەوت

عەلی زەیدی سەرۆکوەزیرانی عێراق بەرەبەیانی ئەمڕۆ بە سەردانێکی فەرمی بەرەو ئەمریکا بەڕێکەوت.

نووسینگەی راگەیاندنی سەرۆکوەزیرانی عێراق راگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە و ئاماژەیداوە، بەرەبەیانی ئەمڕۆ دووشەممە 13ـی تەممووزی 2026، سەرۆکی حکوومەتی عێراقی فیدراڵ، عەلی فالح زەیدی بە سەرۆکایەتیی شاندێکی باڵای حکوومی و ئابووری بە سەردانێکی فەرمی بەرەو ئەمریکا بەڕێکەوت.

ئەجێندای سەردانەکەی عەلی زەیدی بۆ واشنتن.

 سەردانی فەرمی سەرۆکوەزیرانی عێراق، عەلی فالح زەیدی بۆ ئەمریکا، ئەجێندایەکی فرەوانی ئابووری، وەبەرهێنان و تەکنەلۆژی لەخۆدەگرێت، کە ئامانج لێی گۆڕینی سروشتی پەیوەندییەکانی نێوان بەغدا و واشنتنە لە دۆسیەی ئەمنییەوە بۆ هاوبەشییەکی ئابووری درێژخایەن.

گرنگترین تەوەر و ئەجێنداکانی ئەم سەردانە بریتین لە:

کەرتی وزە و گاز:  پەرەپێدانی کێڵگەکانی نەوت و گاز، خێراکردنی پڕۆسەی وەبەرهێنان لە گازی هاوپێچ بۆ کەمکردنەوەی بەفیڕۆچوونی سامانە سروشتییەکان، لەگەڵ فراوانکردنی بەشداری کۆمپانیا ئەمریکییەکان لەم کەرتەدا.

تۆڕی کارەبا و وزەی نوێبووەوە : هاوکاری لەگەڵ کۆمپانیا ئەمریکییەکان بۆ دروستکردنی وێستگەی نوێی بەرهەمهێنانی وزە، پەرەپێدانی تۆڕەکانی گواستنەوە و دابەشکردنی کارەبا، و وەبەرهێنان لە وزەی پاکدا.

دامەزراندنی سندوقی وەبەرهێنان : تاوتوێکردنی پێشنیاری دروستکردنی سندوقی هاوبەشی "وزە و گەشەپێدان" لە نێوان هەردوو وڵاتدا، کە تێیدا بەشێک لە داهاتی نەوت تەرخان دەکرێت بۆ تمویلکردنی پڕۆژە ستراتیژییەکانی وەک ڕێگاوبان، هێڵی شەمەندەفەر، بەندەرەکان و شارە پیشەسازییەکان.

گواستنەوەی تەکنەلۆژیا و ئابووری دیجیتاڵی: راکێشانی تەکنەلۆژیای پێشکەوتووی ئەمریکی لە بوارەکانی پیشەسازی، ئاسایشی سایبەر  سکوریتی، حوکمڕانی دیجیتاڵی و ژیری دەستکرد.

چاکسازیی بانکی و دارایی:  تاوتوێکردنی قۆناخەکانی چاکسازی لە کەرتی بانکی عێراقیدا و بەستنەوەی بە سیستمە داراییە جیهانییەکانەوە بە مەبەستی راکێشانی متمانەی وەبەرهێنەرانی بیانی.

کەرتەکانی کشتوکاڵ، تەندروستی و پەروەردە:  پەرەپێدانی پیشەسازییە خۆراکییەکان، دابینکردنی ئاسایشی خۆراک، و بەهێزکردنی توانای مرۆیی لە ڕێگەی هاوکاری پەروەردەیی و تەندروستییەوە.

کۆبوونەوە لەگەڵ کەرتی تایبەت:  ئەنجامدانی زنجیرەیەک دیدار لەگەڵ ژووری بازرگانی ئەمریکا و ئەو کۆمپانیا گەورانەی کە ئارەزووی کارکردن دەکەن لە بازاڕی عێراقدا، بە مەبەستی پێشکەشکردنی گەرەنتی حکوومی و یاسایی بۆ پاراستنی وەبەرهێنانەکانیان.

ئەم سەردانە لەکاتێکدایە دوای دەستگیرکردنی بریکاری وەزارەتی نەوت بۆ کاروباری پاڵاوگەکان، عەدنان جومەیلی و  لێکۆڵینەوە لەگەڵی، ئۆپەراسیۆنێکی گەورە دەستی پێکرد و دەیان پەرلەمانتار و سەرۆک حزب و بەرپرسی تێوەگلاو لەگەندەڵی دەستگیرکران.

لەوبارەوە ئەنجوومەنی باڵای دادوەری ئاشکرای کردبوو، کۆی گشتی ئەو پارانەی تا ئێستا لەم دۆسیەیەدا دەستیان بەسەردا گیراوە بەرزبووەتەوە بۆ  127 ملیار دیناری عێراقی و 24 ملیۆن دۆلاری ئەمریکی، هەروەها  ژمارەیەک خانوبەرە، ئۆتۆمبێل و زێڕیش دەستی بەسەردا گیراوە. 

هەروەها پێشتریش عەلی زەیدی دووپاتی لەوە کردبووەوە دەبێت چەکد تەنیا لەدەستی دەوڵەت بێت، بەو هۆیەوە سێ گرووپی چەکدار چەکدانانیان راگەیاند، بەڵام لەهەمان کاتدا چەندین گرووپی چەکدار رەتیان کردووەتەوە چەک دابنێن، هەروەها مەرجی سەرەکی ئەمریکاش بۆ حکوومەتی نوێ چەککردنی گرووپە چەکدارەکانە و نابێت هیچ کام لەوانە بەشداریی حکوومەت بکەن.