بەهۆی خانەنشینبوونی 69 میراو؛ قەیرانی ئاو لە راپەڕین سەرهەڵدەدات
بەڕێوەبەرایەتی ئاوی راپەڕین هۆشداری دەدات لە پەککەوتنی پڕۆسەی دابەشکردنی ئاو بەهۆی خانەنشینبوونی 69 فەرمانبەر و میراو لە ماوەی ساڵێکدا، بەڕێوەبەری فەرمانگەکەش دەڵێت: "گوشارێکی زۆرمان لەسەرە و هەندێک کارمەند 15 کاتژمێر دەوام دەکەن بۆ ئەوەی ئاوی ماڵان نەبڕێت."
دابەشکردنی ئاو لە سنووری ئیدارەی راپەڕین رووبەڕووی کێشەیەکی جددی بووەتەوە، ئەوەش بەهۆی خانەنشینبوونی زۆرینەی میراوەکانی سنوورەکە. بەڕێوەبەرایەتی ئاوی راپەڕین رایدەگەیەنێت، پڕۆسەی دابەشکردنی ئاو گەیشتووەتە بنبەست و خەریکە بە تەواوی رادەوەستێت.
سەلام عومەر، بەڕێوەبەری گشتی ئاوی راپەڕین بە کوردستان24ی راگەیاند: "بەهۆی خانەنشینبوونی فەرمانبەرانمان، بە تایبەت میراوەکان، کێشەیەکی گەورەمان بۆ دروست بووە و گوشارێکی زۆرمان لەسەرە. ئێستا فەرمانبەر و میراو هەیە رۆژانە 15 کاتژمێر کار دەکات تەنیا بۆ ئەوەی کێشە لە دابەشکردنی ئاو دروست نەبێت، بەڵام چیدیکە کارمەندەکانمان ناتوانن بەو شێوەیە بەردەوام بن."
بەڕێوەبەری ئاوی راپەڕین ئاشکرای کرد، تەنیا لە 10 ساڵی رابردوودا نزیکەی 250 فەرمانبەر و میراو خانەنشین بوون. هەروەها لە ماوەی ساڵی رابردوودا 69 کارمەند و ئیشپێکەری تروومپای ئاو خانەنشین بوون، کە تەنیا 30 کەسیان لە شاری رانیە بوون، بێ ئەوەی هیچ کەسێکی نوێ لە شوێنیان دابمەزرێت.
سەلام عومەر ئاماژەی بەوەش کرد، کە 400 بیری ئاو و 5000 سەرەقوفڵ لە سنوورەکەدا هەن، بەڵام بەم ژمارە کەمەی فەرمانبەران ناتوانرێت کۆنتڕۆڵی هەموو ئەو شوێنانە بکرێت. گوتیشی: "بۆ چارەسەرکردنی کێشەکە نووسراومان بۆ وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار کردووە، بەڵام تا ئێستا وەڵاممان نەدراوەتەوە."
بەگوێرەی بەدواداچوونەکانی کوردستان24، بەهۆی کەمیی کارمەند و بۆ ئەوەی لە دابەشکردنی ئاو بێبەش نەبن، لە چەندین گەڕەک هاووڵاتییان خۆیان بە شێوەی خۆبەخش یان بە کۆکردنەوەی پارە، کەسێک بەکرێ دەگرن بۆ ئەوەی کار بە بیرەکان بکات و ئاو بەسەر ماڵەکاندا دابەش بکات.