لە ئەوروپا زیاتر لە 10 هەزار کەس بەهۆی گەرماوە گیانیان لەدەستداوە
بەگوێرەی ئامار و داتا فەرمییەکان، وڵاتانی ئەوروپا لە کۆتایی مانگی حوزەیرانی رابردوودا رووبەڕووی شەپۆلێکی گەرمای پێوانەیی بوونەتەوە. بەهۆی ئەم شەپۆلە گەرمایەوە، زیاتر لە 10 هەزار کەس گیانیان لەدەستداوە کە زیاتر لە 9 هەزار کەسیان تەمەنیان لە سەرووی 65 ساڵییەوە بووە.
پسپۆڕان ئاماژە بەوە دەکەن ئەم شەپۆلە کە لە نێوان 20 تا 28ـی حوزەیرانی خایاندووە، گەرمترین بووە لە مێژووی كیشوەرەكەدا؛ چونکە جیا لە زیانی گیانی، بووەتە هۆی تێکچوونی سیستەمی بەرهەمهێنانی کارەبا، زیانگەیاندن بە ژێرخان و دروستکردنی گوشارێکی زۆر لەسەر کەرتی تەندروستی.
لەم چوارچێوەیەدا، پزیشکانی پەیمانگای "ستاتنز سیرم"ـی دانیمارکی دووپاتی دەکەنەوە، ئەستەمە هۆکاری ئەم بەرزبوونەوە پێوانەیییەی رێژەی مردن بۆ هیچ شتێک بگەڕێنرێتەوە جگە لە گەرماکە، هاوکات روانگەی کۆپەرنیکۆس بۆ کەشوهەوا ئاشکرای کردووە، حوزەیرانی رابردوو گەرمترین مانگ بووە لە مێژووی ئەوروپای رۆژئاوادا، زانایانیش دەڵێن ئەم دیاردەیە بەبێ گۆڕانی کەشوهەوا کە بەهۆی چالاکییەکانی مرۆڤەوە دروستبووە، کارێکی مەحاڵ بووە.
له لایەکی ترەوە و لە فەرەنسا، بەهۆی توندی شەپۆلەکە و مەترسیی بڵاوبوونەوەی ئاگرکەوتنەوە لە دارستانەکاندا، دۆخی ئامادەباشی تەواو بۆ نزیکەی 26 ملیۆن هاووڵاتی لە 37 ناوچەی جیاواز راگەیەندراوە، پێشبینی دەکرێت ئەم شەپۆلە تا ناوەڕاستی هەفتەی داهاتوو بەردەوام بێت، لای خۆشیەوە سەرۆکی فەرەنسا ئیمانوێل ماکرۆن هۆشداری داوە لە هەر کەمتەرخەمییەک چونکە لە سەرەتای ئەمساڵەوە زیاتر لە 25 هەزار هێکتار زەوی سووتاوە کە ئەمەش نزیکەی دوو هێندەی ساڵی 2025ـە.
هاوکات ئامارە فەرمییەکانی ئەڵمانیا پێشانی دەدەن کە لە مانگی حوزەیراندا 99 کەس بەهۆی گەرماوە لە کاتی مەلەکردندا خنکاون، ئەمەش بەرزترین رێژەی مردنە لە دوای شەپۆلی گەرمای ساڵی 2003 کاتێک لە هەندێک ناوچەدا پلەکانی گەرما گەیشتنە 41.7 پلەی سیلیزی.
لە ئیسپانیایش، 11 کەس لە ئەنجامی ئاگرکەوتنەوەیەکی گەورە لە دارستانەکانی شارۆچکەی "لوس غایاردوس" لە باشووری وڵاتەکە گیانیان لەدەستداوە و هێزە ئەمنییەکان تەرمی قوربانییەکانیان لەناو ئۆتۆمبێلە سووتاوەکان و لەسەر رێگاکان دۆزیوەتەوە، ئەم بارودۆخە نالەبارە زۆربەی وڵاتانی ئەوروپای رۆژئاوای گرتووەتەوە و بووەتە هۆی تۆمارکردنی سەدان مردنی پەیوەندیدار بە بەرزبوونەوەی پلەکانی گەرماوە.