ماهیر ئەمین بە گۆرانی "بێ ئارامی" چیرۆکی هەستی تەنیایی دەگێڕێتەوە

ماهیر ئەمین، هونەرمەندی گۆرانیبێژی کورد، نوێترین گۆرانی خۆی بەناوی "بێ ئارامی"، بەشێوەی ڤیدیۆ کلیپ بڵاوکردەوە و دەڵێت، "لەم بەرهەمەدا هەوڵم داوە ئازاری دەرونی، بێ ئاسوودەیی و ئەو هەستەی کە زۆرێک لە خەڵک لە سەردەمی ئێستادا تێیدا دەژین بخەمەروو."

ئەمڕۆ دووشەممە، 13ی تەمموزی 2026، ماهیر ئەمین، هونەرمەندی گۆرانیبێژی کورد بە کوردستان24ی گوت، "ئەو بەرهەمە نوێیەم لە شیعری ئەحمەد هەردییە و برزۆ ئیبراهیم کاری ئاواز و رێکخستنی موزیکەکەی بۆ داناوە، هەروەها تێکەڵکردن و کۆتایی پێهێنان بەدەنگ لەلایەن دیار دلاوەر بۆی کراوە و برزۆ ئیبراهیم مۆنتاژی بەرهەمەکەی کردووە و من زۆر سوپاسی دەکەم کە هەوێنی دروستکردنی ئەو بەرهەمە نوێیەم بوو."

ماهیر ئەمین باس لە چیرۆکی ئەو بەرهەمە نوێیەی دەکات و دەڵێت، "گۆرانی "بێ ئارامی"، هەوڵێکە بۆ گواستنەوەی هەستی مرۆڤێک کە لە ناو کۆمەڵگەدا بە تەنیا ماوەتەوە. لەم بەرهەمەدا هەوڵم داوە ئازاری دەروونی، بێ ئاسوودەیی و ئەو هەستەی کە زۆرێک لە خەڵک لە سەردەمی ئێستادا تێیدا دەژین بخەمەروو. پێم وایە مرۆڤ، سەرەڕای ئەوەی لەناو خەڵکدایە، بەڵام هێشتا دەکرێت بە تەواوی هەست بە تەنیایی و بێ ئارامی بکات."

ماهیر ئەمین، هونەرمەندی گۆرانیبێژی کورد، لە ساڵی 1973 لە رواندز لەدایکبووە. خاوەنی چەند ئەلبووم و بەرهەمێکی تۆمارکراوە و هەواداری تایبەت بەخۆی هەیە.