ئەم هەفتەیە بەنزینی حکوومی لە گەرمیان دابەش دەکرێت

بۆ یەکەمجار ئەم هەفتەیە دابەشکردنی بەنزین بە نرخی پاڵپشتیکراوی حکومی لە ئیدارەی سەربەخۆی گەرمیان دەستپێدەکات.

دوای ئەوەی ژمارەیەک هاووڵاتی و شۆفێر لە سنووری ئیدارەی سەربەخۆی گەرمیان گلەییان لە نەبوونی بەنزینی حکوومی 750 دیناری کرد، گلەیی شۆفێر و هاووڵاتییانمان گەیاندە بەرپرسانی ئیدارەی گەرمیان، لەوبارەیەوە یادگار فەتاح، بەڕێوەبەری نەوت و کانزاکانی گەرمیان بە کوردستان24 ـی راگەیاند، ماوەیەک لەگەڵ لایەنە پەیوەندارەکان و بەنزینخانەکان لەسەر هێڵن بۆ ئەوەی هاوشێوەی شار و شارۆچکەکانی هەرێمی کوردستان بەنزین بە نرخی پاڵپشتیکراوی حکوومی و لیترێک بە 750 دینار بە شۆفێران بدەن.

ئاشکراشی کرد، زۆرینەی کاروبار و رێکارەکان تەواو کراون و دڵنیایی دا ئەم هەفتەیە لە چەند بەنزینخانەیەکی سنووری ئیدارەی گەرمیان بەنزین بە نرخی پاڵپشتیکراو دابەش دەکەن و ئەو کێشەیە چارەسەر دەکەن. گوتیشی؛ زیاتر لە 80 هەزار ئۆتۆمبێل لە سنوورەکەیان هەن و رۆژانە پێویستییان بە 200 هەزار لیترە بۆ ئەوەی کێشەی نەبوون و کەمی بەنزین سەرهەڵنەدات. بە گوێرەی زانیارییەکان 21 بەنزینخانە لە سنووری ئیدارەی سەربەخۆی گەرمیان هەن و ئێستا نرخی لیترێک بەنزین لە نێوان 900 بۆ هەزار دینارە.

 بەشێک لە شارەکانی ھەرێمی کوردستان، حکوومەت بەنزینی بەنرخی پاڵپشتیکراوی 750 دینار بۆ ھەر لیترێک دەداتە شۆفێران، بەڵام تا ئێستا لە ھیچ بەنزینخانەیەکی ئیدارەی گەرمیان ئەو بەنزینە دابەش ناکرێت و هەوڵەکان چڕکراونەتەوە ئەو هەفتەیە کێشەکە چارەسەر بکرێت و بەنزین دابەش بکرێت.