مووچەی مانگی شەشی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان تەمویلکرا

ئەمڕۆ دووشەممە، 13ـی تەممووزی 2026، دیلان بارزان، پەیامنێری کوردستان24 لە بەغدا رایگەیاند، کەمێک پێش ئێستا وەزارەتی دارایی و ئابووری عێراق دەستی بە رێکارەکانی تەمویلکردنی مووچەی مانگی شەشی  فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان کرد.

د. دانەر عەبدولغەفار، ئەندامی لیژنەی دارایی بە دیلان بارزان، پەیامنێری کوردستان24ـی گوت: کەمێک پێش ئێستا وەزارەتی دارایی عێراق تەمویلی مووچەی مانگی شەشی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستانی کرد.

ئا،اژەی بەوەشدا، بەشی پارەدای وەزارەتی دارایی فیدراڵ بە بانکی ناوەندی لقی هەولێر رادەگەینێت بڕی پارەی پێویست بۆ مووچەی مانگی شەشی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان بخەنە سەر هەژماری فەرمی وەزارەتی دارایی و ئابووری حکوومەتی هەرێمی کوردستان.  

هەروەها گەشتەکەی وەزیری دارایی فالح ساری بۆ واشنتن، کێشە و گرفتی دروست نەکردووە، کەسێکی لە جێگای خۆی لە وەزارەت راسپاردووە کە رێکارەکانی تەمویلکردنی مووچە دەست پێبکات.

هەرێمی کوردستان بۆ دابەشکردنی مووچە مانگانە پێویستی بە 950 ملیار دینارە، بەڵام بەگوێرەی زانیارییەکانی پەیامنێرمان، وەزیری دارایی فیدراڵ سووربووە لەسەر ئەوەی 120 ملیار دیناری داهاتی نانەوتی لەلایەن هەرێمەوە بنێدرێت، هەرێمی کوردستانیش ئەوەی راگەیاندووە بەهۆی کەمبوونەوەی داهاتی ناوخۆ، ناتوانێت ئەو بڕە پارەیە دابین بکات، بۆیە بەغدا بە لێبڕینی 120 ملیار دینار مووچە دەنێرێت.