گرژییەکانی ئەمریکا و ئێران نرخی نەوتی 3% بەرز کردەوە
پاش پەرەسەندنی گرژی و ئاڵۆزییەکان لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و فراوانبوونی هێرشە سەربازییەکانی ئێران و ئەمریکا، نرخەکانی نەوت لە مامەڵەکانی ئەمڕۆ دووشەممەدا بە رێژەی نزیکەی 3% بەرزبووەوە، ئەم دۆخە جارێکی دیکە مەترسییەکانی سەبارەت بە ئاسایشی دابینکردنی وزە و جووڵەی کەشتیوانی لە گەرووی هورمز زیندوو کردووەتەوە.
لە بازاڕەکانی جیهاندا، گرێبەستە دواخراوەکانی نەوتی خاوی برێنت بە بڕی 2.34 دۆلار، کە هاوتایە بە 3.08%، زیادیان کرد و گەیشتنە 78.35 دۆلار بۆ هەر بەرمیلێک، هاوکات نرخی نەوتی رۆژئاوای تێکساسی ئەمریکیش بە بڕی 2.21 دۆلار، واتە بە رێژەی 3.09%، رووی لە سەرکەوتن کرد و گەیشتە 73.62 دۆلار بۆ هەر بەرمیلێک.
ئەم بازدانە خێرایەی نرخەکان دوای ئەوە هات کە ئێران هێرشەکانی خۆی فراوانتر کرد بۆ سەر چەند وڵاتێکی کەنداو، لە هەمان کاتدا ئەمریکاش هێرشی زیاتری کردە سەر ناوخۆی ئێران، ئەمەش بووە هۆی دروستبوونی دڵەڕاوکێ و نادیاریی لە داهاتووی کەشتیوانی لە یەکێک لە گرنگترین رێڕەوە ئاوییەکانی نەوت لە جیهاندا.
لەم چوارچێوەیەدا، داتاکانی بەدواداچوونی کەشتییەکان لە کۆمپانیای "کیپلەر" پێشانی دەدەن کە رۆژی یەکشەممە تەنها 6 کەشتیی نەوت بە گەرووی هورمزدا تێپەڕیون، کە ئەمەش نزمترین ئاستی 5 هەفتەی رابردووە و بە روونی ترسی بازاڕەکان لە کاریگەریی هەر پەککەوتنێکی کەشتیوانی لەسەر دابینکردنی نەوتی جیهانی دەردەخات.
لەلایەکی دیکەوە، چاودێرانی ئابووری پێیان وایە کە بەرزبوونەوەی ئێستای نرخی نەوت تەنها رەنگدانەوەی نیگەرانیی کاتیی بازاڕەکانە لە پەرەسەندنی قەیرانەکە، بەڵام دۆخەکە هێشتا بە دوور دەزانرێت لە گەیشتنە ئاستی ئەو شۆکە گەورەیەی کە لە ئەنجامی راوەستانی تەواوەتی دابینکردنی نەوت بە گەرووی هورمزدا دەکرێت ڕووبدات.