هێرش کرایە سەر فڕۆکەخانەی سەنعا و حووسییەکانیش هەڕەشە دەکەن

دیمەنێکی هێرشەکە
دیمەنێکی هێرشەکە

وەزارەتی بەرگریی یەمەن رایگەیاند، بۆ رێگریکردن لە نیشتنەوەی فڕۆکەیەکی ئێرانی، رێڕەوی فڕۆکەخانەی سەنعای کردە ئامانج، لە بەرانبەردا حووسییەکان سعوودییە بە ئەنجامدانی هێرشەکە تۆمەتبار دەکەن و هەڕەشەی وەڵامدانەوە دەکەن.

ئەمڕۆ سێشەممە، 13ـی تەممووزی 2026، وەزارەتی بەرگریی یەمەن رایگەیاند، هێزە چەکدارەکانیان رێڕەوی فڕۆکەخانەی سەنعایان کردووەتە ئامانج، ئەمەش چەند ساتێک دوای داواکارییەکەیان بۆ چۆڵکردنی فڕۆکەخانەکە و هۆشداریدان بە هاووڵاتییان بۆ ئەوەی لێی نزیک نەکەونەوە.

پێش هێرشەکە، فەریق روکن تاهیر ئەلعوقەیلی، وەزیری بەرگریی یەمەن ئاماژەی بەوە کرد، ئارامیی حکوومەت بەرانبەر پێشێلکارییەکانی فڕۆکە ئێرانییەکان بۆ سەر ئاسمانی یەمەن کۆتایی هاتووە و وەڵامی ئەو کارانە دەدەنەوە. باسی لەوەش کرد، حکوومەت بە هەموو ئامرازە بەردەستەکان رووبەڕووی فڕۆکە دوژمنکارەکانی ئێران دەبێتەوە.

هاوکات رەشاد ئەلعەلەیمی، سەرۆکی ئەنجوومەنی سەرۆکایەتیی یەمەن رایگەیاند، میلیشیا حووسییەکان پێداگرییان کردووە لەسەر پێشوازیکردن لە گەشتێکی نوێی فڕۆکەوانیی ئێران لە دەرەوەی یاسا و چوارچێوە سیادییەکانی تایبەت بە رێکخستنی هێرشەکانی فڕۆکەوانیی مەدەنی.

سەرۆکی ئەنجوومەنی سەرۆکایەتی، بەرپرسیارێتیی تەواوی ئەم ئاڵۆزییە و دەرئەنجامەکانی خستە ئەستۆی حووسییەکان، داواشی کرد لە قۆناخی سەرکۆنەکردنەوە بپەڕنەوە بۆ قۆناخی رێگریکردن و جێبەجێکردنی بڕیارەکانی ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی، بەتایبەتی بڕیارەکانی ژمارە 2140 و 2216.

لە لایەکی دیکەوە یەحیا سەریع، گوتەبێژی گرووپی ئەنساروڵڵا (حووسییەکان)، سعوودیەی بە بۆردومانکردنی فڕۆکەخانەی سەنعا تۆمەتبار کرد. 

ئەو بەرپرسە لە هەژماری خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس نووسیویەتی: "لە دەستدرێژییەکی ئاشکرا و ستەمکارانەدا، دوژمنی تاوانباری سعوودییە بە چەند هێرشێکی ئاسمانی فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی سەنعای کردە ئامانج و بەمەش کۆتایی بە قۆناخی کەمکردنەوەی گرژییەکان هێنا، بۆیە دەبێت باجی ئەم کارەی بدات." جەختیشی لەوە کردەوە، ئەم دەستدرێژییە بەبێ وەڵام و سزادان تێناپەڕێت.

ئەمە لە کاتێکدایە، مانگی تەممووزی ئەمساڵ، تورکی ئەلمالیکی، گوتەبێژی فەرمیی هاوپەیمانیی عەرەبی بە سەرۆکایەتیی سعوودیە هۆشداریی دا، هاوپەیمانییەکەیان بە تووندی و بە هێزێکی بێپێشینەوە وەڵامی هەر هەوڵێک دەداتەوە بۆ بەئامانجگرتنی سعوودیە، هاووڵاتییانی و سامانەکانی یان هەر هەوڵێک بۆ پێشێلکردنی سەروەریی یەمەن. 

ئەم هەڕەشەیەی هاوپەیمانیی عەرەبی رۆژێک دوای گەیشتنی فڕۆکەیەکی ئێرانی هات بۆ فڕۆکەخانەی سەنعا، پاشان فڕۆکەکە شاندێکی حووسییەکانی گواستەوە بۆ تاران بە مەبەستی بەشداریکردن لە رێوڕەسمی بەخاکسپاردنی رێبەری پێشووی ئێران عەلی خامنەیی.