کوەیت سەرکۆنەی هێرشەکانی سەر کونسوڵخانەکەی لە بەسرە دەکات

وەزارەتی دەرەوەی کوەیت، ئەمڕۆ دووشەممە، 13ـی تەممووزی 2026، راگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە و تێیدا بە توندی سەرکۆنەی ئەو هێرشانەی کرد کە لەلایەن ئێران و گرووپ و میلیشیاکانی عێراق دەکرێنە سەر کوەیت.

لە راگەیەندراوەکەدا هاتووە، ئەم هێرشانە چەندین ناوچەی سنووری و سەکۆیەکی کونکردنی بیرە نەوتەکانی سەر بە کۆمپانیای نەوتی کوەیتیان کردووەتە ئامانج، لە ئەنجامدا زیانی ماددی و برینداربوونی لێکەوتووەتەوە.

وەزارەتی دەرەوەی کوەیت راشیگەیاند، بەردەوامیی ئەم هێرشانەی ئێران و گرووپە چەکدارەکانی سەر بەئەو لە عێراق، پێشێلکارییەکی روون و ئاشکرای سەروەری خاکی کوەیتە و هەڕەشەیەکی مەترسیداریشە بۆ سەر ئاسایش و سەلامەتی هاووڵاتیان.

هەروەها ئاماژەی بەوەش کردووە، ئەم کارانە هەوڵەکانی حکوومەتی عێراق بۆ پاراستنی نێردە دیپلۆماسییەکان و جێبەجێکردنی بڕیارە نێودەوڵەتییەکان پەکدەخات، چونکە هێرشەکان کونسوڵخانەی گشتی کوەیتیشیان لە شاری بەسرە کردووەتە ئامانج.

لە کۆتایی راگەیەندراوەکەدا، کوەیت جەختی لەسەر مافی رەوای خۆی کردەوە بۆ گرتنەبەری هەر رێوشوێنێکی گونجاو کە ئاسایش، سەقامگیری و سەروەری خاکەکەی بپارێزێت، ئەمەش بەپێی یاسا نێودەوڵەتییەکان و پەیماننامەی نەتەوە یەکگرتووەکان.