نرخی نەوت بۆ بەرزترین ئاستی چوار هەفتەی رابردوو بەرزبووەوە
بەهۆی راگەیاندنی گەمارۆی دەریایی لەلایەن ئەمریکاوە بۆ سەر ئێران و زیادبوونی گرژییەکان لە گەرووی هورمز، نرخی نەوت بە رێژەی 2% بەرزبووەوە و گەیشتە بەرزترین ئاستی خۆی لە ماوەی چوار هەفتەی رابردوودا.
لە مامەڵە پێشوەختەکانی رۆژی سێشەممەدا، نرخی گرێبەستە ئایندەییەکانی نەوتی خاوی برێنت 1.68 دۆلار و بە رێژەی 2% زیادیان کرد و گەیشتنە 84.98 دۆلار بۆ هەر بەرمیلێک. هاوکات نەوتی خاوی تێکساسی ئەمریکیش 1.65 دۆلار بە رێژەی 2.1% بەرزبووەوە و گەیشتە 79.79 دۆلار. ئەمە لە کاتێکدایە کە نەوتی برێنت لە دانیشتنی پێشوودا بە رێژەی 9.6% بەرزبووەوە، کە ئەوەش گەورەترین دەستکەوتی رۆژانەی بوو لە دوای مانگی ئایاری 2020ەوە.
بەپێی داتاکانی ئاژانسی رۆیتەرز، ئێستا نرخی نەوت لە بەرزترین ئاستیدایە لەو کاتەوەی هەردوو وڵات لە 17ی حوزەیران یاداشتی لێکتێگەیشتنیان بۆ کۆتاییهێنان بە شەڕ واژۆ کردووە.
لەلایەکی دیکەوە، وەزارەتی بەرگری ئیمارات رایگەیاند، دوو کەشتی نەوتهەڵگری وڵاتەکەیان بە ناوەکانی "مۆمباسا" و "ئەلباهییە" لە کاتی تێپەڕبوونیان لە گەرووی هورمز و لە عومان، لەلایەن ئێرانەوە بە دوو مووشەکی کروز کراونەتە ئامانج.
وەزارەتەکە روونیکردەوە، لە ئەنجامی هێرشەکەدا کارمەندێکی کەشتی "مۆمباسا" کە رەگەزنامەی هیندی هەبووە گیانی لەدەستداوە و هەشت کارمەندی دیکەش بریندار بوون، کە برینی چواریان سەختە. بریندارەکان بریتین لە شەش هیندی و دوو ئۆکرانی. هەروەها ئاماژە بەوە دراوە کە ئاگر لە کەشتییەکان کەوتووەتەوە و دواتر کۆنترۆڵ کراوە.
وەزارەتی بەرگریی ئیمارات هێرشەکەی سەرکۆنە کرد و بە "پێشێلکارییەکی مەترسیداری یاسا نێودەوڵەتییەکان" و هەڕەشە بۆ سەر ئاسایشی ناوچەکە وەسفی کرد و رایگەیاند، وڵاتەکەی مافی تەواوی خۆی دەپارێزێت بۆ وەڵامدانەوەی ئەم پەرەسەندنانە و گرتنەبەری رێوشوێنی پێویست بۆ پاراستنی سەروەری و بەرژەوەندییەکانی.
هاوکات دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا بە رۆژنامەنووسانی راگەیاند، واشنتن دووبارە گەمارۆی دەریایی خستووەتە سەر هاتوچۆی کەشتییەکانی ئێران. ترەمپ ئاماژەی بەوەش کرد، دەیەوێت ئەمریکا بەرامبەر پاراستنی ئەو وڵاتانەی هاوکارییان دەکات لە گەرووی هورمز، رسومات وەربگرێت.