فاینانشیاڵ تایمز: ئەوروپا لە شەش مانگدا بە بەهای 6 ملیار یۆرۆی گازی رووسیای کڕیوە

رۆژنامەی فاینانشیاڵ تایمز راپۆرتێکی بڵاو کردووەتەوە و تێیدا هاتووە، لە شەش مانگی یەکەمی ساڵی 2026دا، وڵاتانی یەکێتیی ئەوروپا ئاستی هاوردەکردنی گازی سروشتیی شلکراوەیان (LNG) لە رووسیاوە گەیاندە لووتکە و ژمارەیەکی پێوانەیی نوێیان تۆمار کرد. ئەم پەرەسەندنە تەنیا چەند مانگێک پێش جێبەجێکردنی بڕیاری فەرمیی یەکێتییەکە بۆ قەدەخەکردنی گازی رووسی دێت، ئەمەش نیشانەی ئەوەیە کە ئەوروپا هێشتا کلیلێکی سەرەکییە بۆ بەگەڕخستنی پڕۆژە ستراتیژییەکانی وزەی رووسیا لە کاتی شەڕدا.

بەپێی ئامارەکانی کۆمپانیای "کێپلەر" (Kpler) بۆ شیکاریی داتا، وڵاتانی ئەوروپا بە بڕی 9.89 ملیۆن تۆن گازیان لە پڕۆژەی یامال LNG کە کۆمپانیای نۆڤاتێکی رووسیی کۆنتڕۆڵ دەکات، کڕیوە؛ ئەم بڕە بەراورد بە هەمان ماوەی ساڵی رابردوو بە رێژەی 18% زیادی کردووە.

بە گوێرەی راپۆرتەکە، فەڕەنسا، بەلجیکا و ئیسپانیا لە پێشەنگی ئەو وڵاتە ئەوروپییانەن کە زۆرترین گازیان لە پڕۆژەی یامال کڕیوە. بەپێی خەمڵاندنەکانی رێکخراوی ئورجێواڵدی ناحکومی، ئەوروپا نزیکەی 6 ملیار یۆرۆی بۆ ئەم بارە گازانە بە مۆسکۆ داوە. ئەمەش لە کاتێکدایە کە رووسیا هێرشەکانی بۆ سەر ژێرخانە مەدەنی و وزەکانی ئۆکرانیا چڕتر کردووەتەوە.

بەپێی یاساکانی ئێستای یەکێتیی ئەوروپا، کڕینی گازی رووسی تەنیا لە چوارچێوەی گرێبەستە درێژخایەنەکاندا رێگەپێدراوە. بڕیارە لە 1ی کانوونی دووەمی 2027ـەوە، قەدەخەکردنی تەواوەتی بەسەر هاوردەی گازی LNGی ڕووسیدا بسەپێنرێت.

پڕۆژەی یامال کە لە جەمسەری باکوور هەڵکەوتووە، بۆ گواستنەوەی گازەکەی تا ئێستاش بە تەواوی پشت بە بەندەرەکانی ئەوروپا و خزمەتگوزارییەکانی نۆژەنکردنەوەی کەشتی لە فەرەنسا و دانیمارک دەبەستێت، چونکە رێڕەوی دەریایی بەرەو ئاسیا لە زستاندا سەخت و پڕ مەترسییە.

لە کاتێکدا ئەوروپا کڕینی گازی ڕووسی زیاد کردووە، هەناردەی رووسیا بۆ ئاسیا بە رێژەی 74% دابەزیوە. هۆکارەکەش بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە کە زۆربەی کۆمپانیاکانی گواستنەوە و دڵنیایی و وەبەرهێنەرە نێودەوڵەتییەکان لە ترسی سزاکانی یەکێتیی ئەوروپا، خۆیان لە مامەڵەکردن لەگەڵ وزەی رووسیا بەدوور دەگرن.

پڕۆژەی یامال کە لە ساڵی 2017 لەلایەن ڤلادیمێر پوتینەوە کرایەوە، گەورەترین ناوەندی بەرهەمهێنانی گازی شلکراوەیە لە رووسیا. جگە لە رووسیا، کۆمپانیای تۆتاڵ ئینێرجیی فەڕەنسی و کۆمپانیای نیشتمانیی نەوتی چین پشکیان تێدا هەیە. بەڕێوەبەری جێبەجێکاری تۆتاڵ ئینێرجی ئاماژەی بەوە کردووە کە رەنگە بەهۆی ئاڵۆزیی یاساکانی یەکێتیی ئەوروپاوە، ناچار بن بە تەواوی هەناردەکردنی گاز لەو پڕۆژەیە ڕابگرن.