یەدەگی نەوتی ئەمریکا بۆ نزمترین ئاست لە ماوەی 43 ساڵدا دادەبەزێت

داتا نوێیەکانی وەزارەتی وزەی ئەمریکا ئاشکرای دەکەن کە یەدەگی ستراتیژیی نەوتی ئەو وڵاتە گەیشتووەتە نزمترین ئاستی خۆی لە ماوەی 43 ساڵی رابردوودا. ئەم دابەزینە خێرایە کە هاوکاتە لەگەڵ بەردەوامیی جەنگی ئێران، فشارێکی زۆری خستووەتە سەر کۆگاکانی وزەی واشنتن و ئاستی یەدەگی گەیاندووەتە نزمترین خاڵ لە دوای نیسانی 1983وە.

دووشەممە 13ـی تەممووزی 2026، بەپێی راپۆرتی هەفتانەی وەزارەتی وزەی ئەمریکا، یەدەگی ستراتیژیی نەوتی وڵاتەکە (SPR) لە هەفتەی رابردوودا بە بڕی 3 ملیۆن بەرمیل کەمی کردووە و کۆی گشتیی نەوتی کۆگاکراو بۆ 316.5 ملیۆن بەرمیل دابەزیوە. ئەم پاشەکشەیە بەشێکە لە رێککەوتنی حکوومەتی ئەمریکا بۆ کێشانەوە و خستنەڕووی 172 ملیۆن بەرمیل نەوت لە یەدەگی نیشتمانی بۆ بازاڕەکان.

ئامارەکان دەریدەخەن کە لە دوای هەڵگیرسانی جەنگی ئەمریکا و ئیسرائیل دژی ئێران لە کۆتایی مانگی شوباتی رابردووەوە، یەدەگی ستراتیژیی نەوتی ئەمریکا بە رێژەیەکی بەرچاو کەمی کردووە. تاوەکو رێکەوتی 10ـی تەممووز، واشنتن ناچار بووە 98.9 ملیۆن بەرمیل نەوت لەو یەدەگە دەربهێنێت تاوەکو رێگری لە بەرزبوونەوەی شێتانەی نرخ و پەککەوتنی بازاڕەکان بگرێت.

لەسەر ئاستی گشتی، کۆی کۆگاکانی نەوتی ئەمریکا، کە یەدەگی بازرگانی و یەدەگی ستراتیژی لەخۆدەگرێت بە بڕی 123.9 ملیۆن بەرمیل دابەزیوە و گەیشتووەتە 730.8 ملیۆن بەرمیل. ئەمەش نزمترین ئاستی کۆی گشتیی کۆگاکانی وڵاتەکەیە لە دوای ساڵی 1984وە.

چاودێرانی ئابووری چاوەڕێی بڵاوبوونەوەی داتا نوێیەکان دەکەن تاوەکو کاریگەرییەکانی دوایین گرژییەکانی گەرووی هورمز و گەمارۆ نوێیەکانی سەر ئێران لەسەر ئاستی یەدەگی نەوتی ئەمریکا هەڵبسەنگێنن، لە کاتێکدا واشنتن هەوڵ دەدات هاوسەنگییەک لە نێوان پێداویستییەکانی جەنگ و سەقامگیریی ئابووری ناوخۆدا دروست بکات.