بنکەیەکی زانیاری بۆ هەژمارکردنی کرێکاران دەکرێتەوە
وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو کار بۆ بەدیجیتاڵکردنی کەرتی کشتوکاڵ و پاراستنی مافی کرێکارانی ناوخۆیی دەکات، بۆ ئەمەش بنکەیەکی زانیاری بۆ تۆمارکردن و زامنکردنی مافەکانیان دروست دەکات.
ئەمڕۆ سێشەممە، 13ـی تەممووزی 2026، لە دیوانی وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاوی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، کۆبوونەوەیەکی هاوبەش بە ئامادەبوونی راوێژکاران و بەڕێوەبەرانی گشتیی وەزارەت، نوێنەرانی وەزارەتەکانی کار و کاروباری کۆمەڵایەتی، بازرگانی و پیشەسازی و فەرمانگەی هەمەئاهەنگی و بەدواداچوون؛ بەڕێوەچوو.
بە گوێرەی راگەیەنراوی کۆبوونەوەکە، ئامانجی سەرەکیی کۆبوونەوەکە دانانی رێکاری گونجاو بوو بۆ جێبەجێکردنی بڕیاری ژمارە 172ـی ئەنجوومەنی وەزیران تایبەت بە دەستەبەرکردنی کرێکارانی ناوخۆیی لە پڕۆژە جیاوازەکاندا.
لە بەشێکی دیکەی کۆبوونەوەکەدا باس لە چۆنیەتیی جێبەجێکردنی یاسای کار کرا بۆ پاراستن و دەستەبەرکردنی مافەکانی کرێکاران و سەرپەرشتیارانی پڕۆژە کشتوکاڵییەکان، لەگەڵ رەخساندنی دەرفەتی کاری زیاتر بۆ هێزی کاری ناوخۆیی و کەمکردنەوەی بێکاری. هەروەها گفتوگۆ لەسەر هەنگاوەکانی پێدانی ژمارەی دیجیتاڵی (UEN) بۆ کۆمپانیا کشتوکاڵییەکان و ناوی بازرگانی (UPN) بۆ پڕۆژەکان کرا بە مەبەستی بەدیجیتاڵکردنی تەواوەتی کەرتی کشتوکاڵ.
وەک ئەوەی ئاماژەی پێ دراوە، لە کۆبوونەوەکەدا، بڕیاردرا بنکەیەکی زانیاریی تایبەت بە پڕۆژە کشتوکاڵییەکان بۆ تۆمارکردنی سەرجەم کرێکارانی ناوخۆیی دروست بکرێت. هاوکات رێکارە یاساییەکانی دەستەبەرکردنی مافەکان مسۆگەر بکرێت و ژینگەیەکی سەلامەت بۆ کارکردن دابین بکرێت، لەگەڵ پەرەپێدانی کەرتی کشتوکاڵ وەک کەرتێکی گرنگ و بنەڕەتی بۆ رەخساندنی دەرفەتی کاری بەردەوام.