هەورامی: لایەنەکان لەبەردەم بەرپرسیارێتیی یاسایی و نیشتمانیدان

هێمن هەورامی و باڵیۆزی هۆڵەندا لە عێراق
هێمن هەورامی و باڵیۆزی هۆڵەندا لە عێراق

ئەندامێکی مەکتەبی سیاسیی پارتی رایدەگەیەنێت، پاش تێپەڕبوونی 20 مانگ بەسەر هەڵبژاردندا، هیچ پاساوێکی سیاسی بۆ پەکخستنی پەرلەمان نەماوە، بۆیە ئامادەن پەرلەمانی کوردستان هەرچی زووتر کارا بکرێتەوە و هەنگاوە یاسایی و دەستوورییەکان دەستپێبکەنەوە.

ئەمڕۆ سێشەممە، 14ـی تەممووزی 2026، هێمن هەورامی، ئەندامی مەکتەبی سیاسیی پارتی دیموکراتی کوردستان لە راگەیەنراوێکدا ئاماژەی بەوە کرد، لە میانەی پێشوازیکردن لە جانێت ئەلبێردا، باڵیۆزی هۆڵەندا لە عێراق و بێرتێل سنوێر، جێگری کونسوڵی گشتیی هۆڵەندا لە هەرێمی کوردستان، هەڵوێستی روون و ئاشکرای حزبەکەی لەسەر دۆخی سیاسی و پرۆسەی پەرلەمانی خستووەتەڕوو.

هێمن هەورامی روونیکردووەتەوە، پاش 20 مانگ لە بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان و ئەنجامدانی دەیان کۆبوونەوە لەگەڵ یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان و لایەنەکانی دیکە، هەروەها واژۆکردنی رێککەوتنی سیاسی لەسەر بنەمای چەسپاندنی هاوبەشی و سازان، ئێستا هیچ پاساوێکی سیاسی بۆ چەقبەستوویی نەماوە.

 

 

ئەو ئەندامەی مەکتەبی سیاسیی پارتی جەخت لەوە دەکاتەوە، ئامادەن هەرچی زووتر پەرلەمانی کوردستان کارا بکرێتەوە و داواش دەکات دانیشتنەکان دەستپێبکەنەوە. هاوکات پەیامێکی ئاراستەی سەرجەم ئەو لایەنانە کردووە کە خاوەنی کورسیی پەرلەمانین، بۆ ئەوەی بچنە ژێر باری بەرپرسیارێتیی سیاسی و یاسایی و نیشتمانی و لە ناو پەرلەماندا گفتوگۆ بۆ هەنگاوە یاسایی و دەستوورییەکان بکرێت.

لە بەشێکی دیکەی دیدارەکەدا، وردەکاری و بەرچاوڕوونیی زیاتر لەسەر دیدگا و هەڵوێستی پارتی بەرانبەر بە دوایین هاوکێشەکانی ناوخۆی هەرێمی کوردستان بۆ شاندی میوان باسکراوە. 

هێمن هەورامی سوپاسی باڵیۆزی هۆڵەندای کردووە بۆ رۆڵ و دۆستایەتیی بەردەوامی لەگەڵ هەرێمی کوردستان، بەتایبەتی لەو کاتەی لە ساڵی 2016 کونسوڵی وڵاتەکەی بووە لە هەولێر و لەو دوو ساڵەی رابردووشدا وەک باڵیۆز لە عێراق کاری کردووە، هەروەها ستایشی رۆڵی بەرچاویان کرا لە پێشخستنی زیاتری پەیوەندییەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و هۆڵەندا.

پاش بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان و تێپەڕبوونی نزیکەی 20 مانگ بەسەر پرۆسەکەدا، لایەنە سیاسییەکانی هەرێمی کوردستان بەتایبەتی پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان کەوتنە ناو زنجیرەیەک گفتوگۆ و دانوستانی درێژخایەنەوە؛ بەڵام تاوەکو ئێستا دانیشتنەکانی پەرلەمان بەشێوەیەکی ئاسایی دەستیان پێ نەکردووەتەوە و کابینەی دەیەم پێکنەهێنراوە.