بەحرەین سێ کەسی بە تۆمەتی سیخوڕی بۆ سوپای پاسداران سزا دا

ئەمڕۆ سێشەممە، 14ـی تەممووزی 2026، دادگای باڵای تاوانەکانی بەحرەین لە دوو دۆسیەی جیادا سزای زیندانیی تاهەتایی بەسەر سێ تۆمەتباردا سەپاند، دوای ئەوەی بە تۆمەتی سیخوڕیکردن و کارکردن بۆ بەرژەوەندیی سوپای پاسدارانی ئێران دەستگیرکرابوون.

بەگوێرەی ئاژانسی هەواڵی بەحرەین، داواکاری گشتیی وڵاتەکە رایگەیاندووە، دۆسیەی یەکەم پەیوەندی بە تۆمەتبارێکی داواکراوی ئەمنییەوە هەیە کە لە دەرەوەی وڵات رایکردووە و کەسێکی دیکەی لەناو بەحرەین راسپاردووە بۆ سیخوڕیکردن و دابینکردنی زانیاری ورد لەسەر دامەزراوە هەستیارەکان بۆ سوپای پاسداران، بە مەبەستی ئامادەکاری بۆ بەئامانجگرتنیان.

سەبارەت بە دۆسیەی دووەم، تۆمەتبارەکە پەیوەندی بە چەند هەژمارێکی ئەلیکترۆنییەوە هەبووە کە گومان دەکرێت لەلایەن سوپای پاسدارانەوە بەڕێوەببرێن، گرتەی ڤیدیۆیی و وێنەی شوێنە ستراتیژییەکانی ناردووە، ئەمەش لە چوارچێوەی هەوڵێکدا بۆ ئاسانکاریی بەئامانجگرتنی دامەزراوە گرنگەکانی ناو بەحرەین.

داواکاری گشتی ئاماژەی بەوەش کردووە، لێکۆڵینەوە تەکنیکییەکان و پشکنینی ئەو ئامێرانەی دەستیان بەسەردا گیراوە، سەلماندوویانە کە ئەو زانیارییانەی لەلایەن تۆمەتبارانەوە نێردراون، لە هێرشە ئاسمانیەکانی ئەم دواییەی ئێران بە ئامانج گیراون.

سەپاندنی ئەم سزایانە لە کاتێکدایە، کە هێزەکانی بەرگریی بەحرەین بەهۆی بەرزبوونەوەی گرژییە ناوچەییەکان و زیادبوونی هێرشەکان لە ناوچەی کەنداو و گەرووی هورمز، ئاستی ئامادەباشیی یەکە شەڕکەر و بەرگرییەکانی خۆیان بۆ بەرزترین ئاست بەرزکردووەتەوە.