%40 کارەکانی پرۆژەی ئاوی گۆپتەپە_ چەمچەماڵ تەواو بووە
کارەکانی پڕۆژەی ستراتیجیی ئاوی گۆپتەپە-چەمچەماڵ بەردەوامە و تا ئێستا %40 کارە فیزیکییەکانی پڕۆژەکە تەواو بوونە، کە بڕیارە کۆتایی بە کێشەی کەمئاوی لە ناوچەکە بهێنێت.
ئەم پڕۆژەیە یەکێکە لە پڕۆژە هەرە گرنگەکانی کابینەی نۆیەمی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، کە بە گوژمەی 139 ملیار و 510 ملیۆن دینار جێبەجێ دەکرێت. توانای پڕۆژەکە دابینکردنی 3400 مەتر سێجا ئاوە لە کاتژمێرێکدا و ئاوی پاکی خواردنەوە بۆ شاری چەمچەماڵ، تەکیە، ئاغجەلەر و گوندەکانی دەوروبەری دابین دەکات.
لە ئێستادا تیمەکانی جێبەجێکار لە چەند قۆناخێکی جیاوازدا کار دەکەن، لەوانە:
راکێشانی نزیکەی 10 کیلۆمەتر بۆریی سەرەکیی گواستنەوەی ئاو.
تەواوکردنی بەشێکی زۆری هێڵەکانی کارەبا، تاوەرەکان و وێستگەکانی پەمپکردن.
دروستکردنی یەکەکانی پاککردنەوە و پاڵاوتنی ئاو.
کۆنکریتکردنی حەوزە گەورەکانی کۆکردنەوەی ئاو کە توانای 10 هەزار و 20 هەزار مەتر سێجایان هەیە.
بەپێی پلانی حکوومەت، کارەکانی ئەم پڕۆژە ستراتیجییە لە رێکەوتی 13ی حوزەیرانی 2027 بە تەواوی کۆتایییان دێت و ئاو دەگاتە ماڵانی قەزای چەمچەماڵ و دەوروبەری، بەوەش یەکێک لە گەورەترین کێشە خزمەتگوزارییەکانی ئەو دەڤەرە چارەسەر دەبێت.