دەربەندیخان؛ کچێک بەناوی کاری ئۆنلاین 150 دەفتەر دۆلاری هاووڵاتییانی بردووە

لە شارۆچکەی دەربەندیخان، کچێکی تەمەن 23 ساڵ بە تۆمەتی بردنی زیاتر لە 150 دەفتەر دۆلاری هاووڵاتییان دەستگیر کرا؛ کچەکە بە بیانووی بازرگانی ئۆنلاین و کڕینی ئامێری پزیشکی لە دەرەوە، ئەو بڕە پارە زۆرەی لە خەڵک وەرگرتووە.

ئەمڕۆ سێشەممە، 14ـی تەممووزی 2026، ئاسان محەممەد، پەیامنێری کوردستان24 رایگەیاند "کچێکی تەمەن 23 ساڵ کە نیشتەجێی شارۆچکەی دەربەندیخانە، بە ناوی کاری ئۆنلاین و کڕینی ئامێری لێزەر لە وڵاتی ئەڵمانیا، بڕی 150 دەفتەر دۆلار لە 15 هاووڵاتی جیاواز بردووە."

سەبارەت بە چۆنیەتی ئاشکرابوونی ئەم دۆسیەیە، پەیامنێری کوردستان24 ئاماژەی بەوە کرد، یەکێک لە هاوبەشەکانی ئەو کچە دوای ئەوەی تێبینی کردووە ژمارەیەکی زۆر نامە و پەیوەندیی بێوەڵام لەسەر مۆبایلی کچەکە هەن و وەڵام نادرێنەوە، گومانی لادروست بووە و دەستبەجێ سکاڵای یاسایی تۆمار کردووە.

لە ئێستادا بە بڕیاری دادوەر، کچەکە و کەسوکارەکەی، لەگەڵ هەشت کەسی دیکە کە هەندێکیان ئەوانەن پارەیان بە کچەکە داوە، دەستگیرکراون. هۆکاری دەستگیرکردنی ئەو ژمارە زۆرەی خەڵک بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە کە دۆسیەکە لای دادوەری لێکۆڵینەوە ناڕوونە و لێکۆڵینەوەکان بەردەوامن تا لە رۆژانی داهاتوودا ڕاستییەکان یەکلا بکرێنەوە.

ئەمە نۆیەمین حاڵەتی لەم شێوەیەیە کە لە ساڵی 2017ـەوە تا ئێستا لە قەزای دەربەندیخان تۆمار دەکرێت، کە تێیدا لەژێر ناوی قەرز، پشک یان کاری بازرگانی، بڕە پارەیەکی زۆری هاووڵاتییان دەبردرێت.