پۆلیسی هەولێر تۆمەتبارێکی بە جانتایەک پارەی دزیارییەوە دەستگیرکرد
کرێکارێکی خەڵکی دەرەوەی هەولێر و هەرێمی کوردستان کە لەلایەن خاوەن هۆتێلێکەوە کاری کردووە، بەرە بەیانییەکی زوو دوای یەک کاتژمێری لە دزینی پارەیەکی زۆری خاوەن کارەکەی لەلایەن پۆلیسەوە دەستگیرکرا.
سێشەممە 14ی تەممووزی 2026، هاووڵاتییەکی عێراقی کە پێشتر لە یەکێک لە هۆتێلەکانی شاری هەولێر کاری کردووە، دوای ئەوەی وازی لە کارەکەی هێناوە، بەڵام بە وردی چاودێری جموجۆڵی خاوەنی هۆتێلەکەی کردووە و تا رۆژێک دەرفەت دەقۆزێتەوە و لە یەکێک لە گەڕەکەکانی شاری هەولێر، جامی ئۆتۆمبێلی خاوەنکارەکەی دەشکێنێت و زیاتر لە 40 ملیۆن دیناری عێراق دەدزێت.
رووداوی دزییەکە کاتژمێر 04:30ی خولەکی بەرەبەیانی یەکشەممە 11ـی ئەم مانگە بووە، دوای دزییەکە خاوەنکارەکە لە بنکەی پۆلیس سکاڵای تۆمارکردووە و تەنیا دوای تێپەڕبوونی یەک کاتژمێر بە سەر دزییەکەوە، تۆمەتبارەکە بە جانتا پارەکەوە دەستگیرکراوە.
تۆمەتبارەکە بەهۆی دەمەقاڵێی لەگەڵ خاوەنی هۆتێلەکە، مانگێک بوو کارەکەی جێهێشت بوو، دوای تاوانەکەش لەلایەن بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی پارێزگای هەولێر، نووسینگەی نەهێشتنی تاوانی دارەتوو، دەستگیرکراوە و ئێستاش بە بڕیاری دادوەری لێکۆڵینەوە لە بەشی گرتن و گواستنەوەی هەولێر زیندانیکراوە، تا بڕیاری کۆتایی دادگا دەردەچێت.