کتێبی "هۆنراوەی منداڵان لە ئەدەبی کوردی دا لەنێوان ساڵانی 1975- 1990" بڵاوکرایەوە

د. فاروق محەمەد رەزا نەقشبەندی، نووسەر و ئەکادیمیست، نوێترین کتێبی خۆی لەژێر ناونیشانی "هۆنراوەی منداڵان لە ئەدەبی کوردی دا لە نێوان ساڵانی 1975- 1990" بڵاوکردەوە.

د. فاروق محەمەد رەزا نەقشبەندی دەڵێت،"لەو کتێبەدا باسم لە ​ژانرە جیاوازەکانی ئەدەبی منداڵاندا کردووە کە لێکۆڵینەوەیە لەسەر سروشتی شیعری منداڵ، چۆنیەتی هەڵبژاردنی وشەکان، کێش و سەروا، و ئەو موزیکە ناوەکییەی کە پێویستە لە شیعری منداڵاندا هەبێت بۆ ئەوەی سەرنجیان ڕابکێشێت و لەگەڵ دەروونناسیی تەمەنیاندا بگونجێت."

ئەمڕۆ چوارشەممە، 15ی تەمموزی 2026، د. فاروق محەمەد رەزا نەقشبەندی، نووسەر و ئەکادیمیست بە کوردستان24ی گوت، "ئەم کتێبە کە لە بنەڕەتدا نامەیەکی ئەکادیمیی ماستەری منە و لە ساڵی 1998 پێشکەشی کۆلێژی ئیبن روشدی زانکۆی بەغدام کردووە، بە یەکێک لە سەرچاوە هەرە گرنگ و مێژوویی و دەگمەنەکانی بواری ئەدەبی منداڵانی کوردی دادەنرێت. گرنگیی ئەم بەرهەمە لەوەدایە لە سەردەمێکدا نووسیومە و لێکۆڵینەوەم تێدا کراوە کە کتێبخانەی کوردی بە گشتی، و کایەی لێکۆڵینەوەی ئەکادیمی بە تایبەتی، هەژار بوون لە بوونی سەرچاوەی زانستی  سەبارەت ئەدەبیاتی منداڵان. من بە شێوازێکی زانستی و رێبازێکی ئەکادیمیی تۆکمە، جڵەوی ئەم بابەتە هەستیارەم گرتووەتە دەست و بنەما تیۆری و پراکتیکییەکانیم دارشتووە."

 د. فاروق محەمەد رەزا نەقشبەندی گوتیشی، "لەو کتێبەدا باسم لە ​ژانرە جیاوازەکانی ئەدەبی منداڵاندا کردووە کە لێکۆڵینەوەیە لەسەر سروشتی شیعری منداڵ، چۆنیەتی هەڵبژاردنی وشەکان، کێش و سەروا، و ئەو موزیکە ناوەکییەی کە پێویستە لە شیعری منداڵاندا هەبێت بۆ ئەوەی سەرنجیان رابکێشێت و لەگەڵ دەروونناسیی تەمەنیاندا بگونجێت. هەروەها لێکۆڵینەوە لەسەر بنەماکانی نووسینی شانۆگەریی تایبەت بە منداڵ، چۆنیەتی داڕشتنی دیالۆگی سادە بەڵام پڕ مانا، گرنگیی جووڵە و دەق، و چۆنیەتی گواستنەوەی پەیامە پەروەردەییەکان لە رێگەی نواندنەوە لەسەر تەختەی شانۆ."

ئەو نووسەرە باس لە گرنگیی ئەحمەدی خانی لەناو ئەدەبی کوردی منداڵاندا دەکات و دەڵێت، "​کتێبەکە بە وردی باس لەوە دەکات کە چۆن شاعیر و فەیلەسووفی گەورەی کورد، ئەحمەدی خانی، بە نووسینی فەرهەنگی سێ زمانەی "نوبەهارا بچووکان" لە ساڵی 1683، بە کردەیی بووە بە دامەزرێنەر و پێشەنگی ئەدەبی منداڵانی کوردی. خانی تەنیا فەرهەنگێکی نەنووسیوە، بەڵکو بە کێشی شیعری و بە شێوازێکی سەرنجڕاکێش زمان و پەروەردەی فێری منداڵانی سەردەمی خۆی کردووە."

د. فاروق محەمەد رەزا نەقشبەندی باسی لەوەش کرد، "لە کتێبەکەدا باسم لە ​قۆناخی کلاسیک تا سەردەمی هاوچەرخ کردووە، کە لێکۆڵینەوەکە بە زنجیرە مێژووییەکەیدا دەچێتە خوارەوە و تیشک دەخاتە سەر هەوڵەکانی شاعیرانی دیکەی کلاسیک و دواتریش قۆناخەکانی ناوەڕاستی سەدەی بیستەم کە چۆن ئەدەبی منداڵان گەشەی کردووە و هێواش هێواش لە ئەدەبیاتی گەوران جیا کراوەتەوە."

دەربارەی ​بارودۆخی سیاسی و کاریگەرییەکانی لەسەر دەقەکان، ئەو نووسەرە دەڵێت، "ساڵانی نێوان 1975 بۆ 1990 قۆناخێکی پڕ لە جەنگ، ململانێی سیاسی و کۆچباری بوو لە مێژووی کوردستاندا. لە کتێبەکەدا بە شێوەیەکی زانستی شیکاریم بۆ کردووە کە چۆن ئەم بارودۆخە رەنگدانەوەی هەبووە بەسەر ئەدەبی منداڵاندا؛ چۆن لایەنی نیشتمانی، هیوا، ئازادی، یان هەندێک جار خەم و ئاوارەیی دزەیان کردووەتە نێو شیعر و چیرۆکەکانی منداڵانەوە."

د. فاروق محەمەد رەزا نەقشبەندی باس لە ​هەڵسەنگاندنی رەخنەیی ئەکادیمی بۆ کتێبەکەی دەکات و دەڵێت، "من تەنیا بەسەرکردنەوەیەکی مێژووییم نەکردووە، بەڵکو لە ژێر رۆشنایی تیۆرییە دەروونی و پەروەردەییە هاوچەرخەکاندا، هەڵسەنگاندنم بۆ بەرهەمەکانی ئەو قۆناخە کردووە؛ دیاریم کردووە کە ئەو دەقانە  کامانە بوون کە توانیویانە خزمەتی راستەقینە بە جیهانی منداڵ بکەن، و لە کوێدا کەموکوڕی و سەرپێچی زمانەوانی یان دەروونی هەبووە."

​ئەم بەرهەمە زانستییەی نووسەر تەنیا توێژینەوەیەکی وشک نییە، بەڵکو نەخشەرێگایەکە بۆ هەر کەسێک کە بیەوێت لە بنەماکانی ئەدەبی منداڵانی کوردی تێبگات. بەهۆی ئەوەی لە ساڵانی نەوەدەکاندا، مژاری منداڵ لە پەراوێزدا بوو، کارکردنی ئەکادیمیی نووسەر و پێشکەشکردنی ئەم تێزە بە زانکۆی بەغدا، وەک بەردی بناخە و رچەشکێنییەک بوو کە رێگەی بۆ توێژەرانی دوای خۆی خۆش کرد تا بە دیدێکی زانستییەوە لەم کایە گرنگە بڕوانن.

د. فاروق محەمەد رەزا نەقشبەندی، نووسەر و ئەکادیمیست، لەساڵی 1950 لە سلێمانی لەدایکبووە. ناوبراو بڕوانامەی بەکالۆریۆسی لە زمان و ئەدەبی کوردی و ماستەری لە هۆنراوەی منداڵاندا هەیە، لەگەڵ دکتۆرا لە ئەدەبی کوردیدا. هەروەها خاوەنی چەندین لێکۆڵینەوە و کتێبی گرنگە، وەک لێکۆڵینەوە لەسەر "سەجادی" و شیعری کوردی.