ئۆزەل وادەی راگەیاندنی پارتە نوێیەکەی ئاشکرا کرد
سەرۆکی لەکارلادراوی جەهەپە رایگەیاند ئامادەکارییەکانیان بۆ دروستکردنی پارتێکی نوێ تەواو کردووە و لەم مانگە یان سەرەتای مانگی داهاتوودا بە فەرمی رایدەگەیەنن.
کێشە نێوخۆییەکانی پارتی گەلی کۆماری (جەهەپە) بەهۆی بڕیاری دادگا سەبارەت بە هەڵوەشاندنەوەی کۆنگرەی 38ـەمینی پارتەکە پێیان ناوەتە قۆناخێکی هەستیارەوە.
ئۆزگور ئۆزەل، سەرۆکی لەکارلادراوی جەهەپە بۆ میدیا نێوخۆییەکانی وڵاتەکەی ئاشکرای کرد، کارەکانیان بۆ دامەزراندنی پارتێکی نوێ گەیاندووەتە قۆناخی کۆتایی. بڕیارە لە کۆتایی ئەم مانگە یان سەرەتای مانگی داهاتوودا هەنگاوی فەرمی بۆ راگەیاندنی پارتەکە بنێن.
سەرۆکە لەکارلادراوەکەی جەهەپە ئاماژەی بەوە کرد، نووسینەوەی پەیڕەو و پرۆگرام و دیزاینکردنی لۆگۆی پارتە نوێیەکە تەواو بووە. هەروەها ئەم هەنگاوە وەک دەستەبەرکردنێکە بۆ بەشداریکردنیان لە هەر هەڵبژاردنێکی پێشوەختەدا لە وڵاتەکەدا بەڕێوەبچێت.
سەرەڕای خواستی زۆرینەی نوێنەرانی کۆنگرەی جەهەپە بۆ دووبارەکردنەوەی پرۆسەکە، سەرکردایەتیی ئێستا بە سەرۆکایەتیی کەماڵ کلچدارئۆغڵو رێگری لەم کارە دەکات و رێگە نادات کۆنگرەیەکی نائاسایی ببەسترێت.
لە 21ـی ئایاری 2026، دادگای پێداچوونەوەی ئەنقەرە بڕیاری هەڵوەشاندنەوەی تەواوەتی کۆنگرەی 38ـەمینی جەهەپەی دەرکرد، هەمان ئەو کۆنگرەیەی لە تشرینی دووەمی 2023 بەڕێوەچوو.
بەپێی بڕیارەکەی دادگا، سەرجەم دەرەنجامەکانی ئەو کۆنگرەیە بەتاڵ کرانەوە و ئۆزگور ئۆزەل و سەرکردایەتییەکەی لە کارەکانیان دوورخرانەوە. هاوکات بڕیار درا کەماڵ کلچدارئۆغڵو و سەرکردایەتیی پێشوو بگەڕێنەوە سەر کارەکانیان تاوەکو کێشەکان یەکلا دەکرێنەوە.
دوای ئەم بڕیارە، لایەنگرانی ئۆزگور ئۆزەل هەوڵیان دا بە کۆکردنەوەی واژووی زیاتر لە 1000 نوێنەری کۆنگرە، کۆنگرەیەکی نائاسایی ببەستن بۆ گەڕاندنەوەی رەوایەتی بۆ خۆیان. لەگەڵ ئەوەشدا، سەرکردایەتییە نوێیەکەی کلچدارئۆغڵو داواکارییەکەی رەتکردەوە.