نیویۆرک تایمز ئامانجی هێرشە نوێیەکانی ئەمریکا بۆ سەر ئێران ئاشکرا دەکات
رۆژنامەی "نیویۆرک تایمز" لە راپۆرتێکدا کە پشت بە لێدوانی بەرپرسانی باڵای ئەمریکا دەبەستێت، ئاشکرای کرد، ئامانجی سەرەکی هەڵمەتە سەربازییە نوێیەکەی واشنتن، ناچارکردنی تارانە بە رێگەدان بە هاتوچۆی ئازادانەی کەشتییە نەوتهەڵگرەکان و بازرگانییەکان لە گەرووی هورمز، هەروەها فشارێکی بەهێزی ئەمریکایە بۆ گەڕانەوەی ئێران بۆ سەر مێزی گفتوگۆ سەبارەت بە بەرنامە ئەتۆمییەکەی.
چوارشەممە 15ـی تەموززی 2026، بەگوێرەی گوتەی چەند بەرپرسێکی باڵای ئەمریکا کە بۆ رۆژنامەی نیویۆرک تایمز قسەیان کردووە، واشنتن دەیەوێت لە رێگەی ئەم فشارە سەربازییانەوە تاران ناچار بکات دانوستانەکان دەست پێ بکاتەوە، بە تایبەت لەبارەی پرسی کۆگاکانی یۆرانیۆمی پیتێنراو.
هاوکات ئاماژە بۆ ئەوە کراوە، ئەم ستراتیژییە بێ مەترسی نییە، چونکە ئێران دەتوانێت بەبێ داخستنی تەواوەتی گەرووی هورمز و تەنها بە ئامانجگرتنی چەند کەشتییەکی دیاریکراو یان دروستکردنی هەڕەشە لەسەر دەریاوانی، دڵەڕاوکێ لای کۆمپانیاکانی بیمە و گواستنەوە دروست بکات و جوڵەی بازرگانی پەکبخات.
لە بەشێکی دیکەی راپۆرتەکەدا هاتووە، ئیدارەی دۆناڵد ترەمپ گرەو لەسەر کات و خراپی دۆخی ئابووری ئێران دەکات، بەرپرسانی ئەمریکا پێیان وایە دووبارە دەستپێکردنەوەی گەمارۆی دەریایی دەبێتە هۆی دابەزینی بەرچاوی هەناردەی نەوتی ئێران و وشککردنی یەکێک لە گرنگترین سەرچاوە داراییەکانی تاران.
لە لایەکی دیکەوە، بەرپرسەکان روونیان کردووەتەوە، تاوەکو ئێستا ترەمپ فەرمانی جەنگی گشتگیری نەداوە، لەبەر ترسی کاردانەوەی تاران بۆ سەر بنکە سەربازییەکانی ئەمریکا لە وڵاتانی کەنداو یان هێرشکردنە سەر دامەزراوەکانی وزە، کە رەنگە ببێتە هۆی بەرزبوونەوەی خێرای نرخی نەوت و گاز لە بازاڕە جیهانییەکاندا.
ئەم پێشهاتانە دوای ئەوە دێت، فەرماندەیی ناوەندیی هێزەکانی ئەمریکا (سێنتکۆم) رایگەیاند، سوپای وڵاتەکەی سێیەمین زنجیرە هێرشی لە ماوەی ئەم هەفتەیەدا بۆ سەر تاران ئەنجامداوە، هەروەها ئەم ئاڵۆزییە سەربازییانە دوای تێکچوونی ئەو ئاگربەستە دێت کە لە مانگی حوزەیرانی رابردوو، پاش چەندین مانگ لە پێکدادانی قورس، لە نێوان هەردوولادا هاتبووە ئاراوە.