ترەمپ: ئەمشەو و سبەی بە توندی لە ئێران دەدەین

دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا رایگەیاند، ئەمشەو و سبەی هێرشی زۆر بەهێز دەکرێتە سەر ئێران، گوتیشی: یاداشتی لێکتێگەیشتن لەگەڵ ئێران تەنها تاقیکردنەوەیەک بووە و ئێرانییەکان پابەند نەبوون پێوەی.

دووشەممە 13ـی تەمووزی 2026، دۆناڵس ترەمۆ سەرۆکی ئەمریکا رایگەیاند، ئێران پابەندی ئەو مەرج و خاڵەکانی ئەو یاداشتی لێکتێگەیشتنە نەبووە کە لە نێوانیاندا واژۆکراوە، بۆیە ئەمشە و سبەی بە توندی هێرش دەکەنە سەری ئێران و گورزێکی گەورەیان لێدەدەن". 

سەبارەت بە ماوەی ئۆپراسیۆنەکە ترەمپ گوتی،" رەنگە ئۆپراسیۆنەکەی ئەمجارەمان ماوەی دوو بۆ سێ هەفتە بخاێنێت، چونکە ئەمجارە دامەزراوە ئەتۆمییەکانی ئێران لە ژێر چیاکانیش خاپوور دەکەین و کۆتاییان پێ دەهێنین". 

هەروەها لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا ئاماژەی بەوەکرد، ئێران تاوەکو ئێستا 42 هەزار خۆپیشاندەری کوشتووە، ئەمەش وەکو تاوانێکی دژ بە مرۆڤایەت و ئازادی هەژمار دەکرێت.

لە بارەی سیستەمی مووشەکی ئێرانەوە سەرۆکی ئەمریکا رایگەیاند، دەبێت ئێران هاوشێوەی وڵاتانی دیکەی جیهان، خاوەنی هەندێک مووشەک بێت، ئەمەش وەکو ئاماژەیەکە کە ئەمریکا دەیەوێت ژێزخانی مووشەکی و سیستەنەکەی تاران بۆ بەرهەمهێنانی مووشەک لەناو ببات یاخود لاوازی بکات. 

لە کۆتاییدا لە بارەی ئاگربەستی نێوان واشنتن و تاران گوتی،" لەو باوەڕەدام تاوەکو ئێستا ئاگربەست کۆتایی نەهاتووە و دەکرێت بە گوێڕایەڵبوونی ئێران بەرامبەر بە مەرجەکانی ئەمریکا ئاگربەست بەردەوام بێت تا ئەو کاتەی دەگەین بە رێککەوتن". 

لە بارەی پەیوەندییەکانی نێوان ئەمریکا و ئیسرائیل، گوتی،""هەندێک جار لەگەڵ ناتانیاهۆ بۆچوونم جیاوازە و پێشم گوتووە، بەڵام پەیوەندیم لەگەڵیدا زۆر باشە." 

هاوکات ئاژانسی "تەسنیم"ی ئێرانی لە زاری سەرچاوە ناوخۆییەکانەوە بڵاوی کردەوە، دەنگی چەندین تەقینەوە لە بەندەر عەباس بیستراوە و بەرگری ئاسمانی کارا کراوە، هەروەها باس لە هێرشی مووشەکی و ئاسمانی بۆ سەر ناوچەی لارک دەکرێت و دەنگی 6 تەقینەوەی بەهێز لە ناوچەکانی کۆنارک و چابەهار بیستراوە.

بە گوێرەی هەواڵەکان، چەندین کەشتی سەرپێچیکار لە گەرووی هورمز کراونەتە ئامانج، میدیاکانی ئێران باس لەوە دەکەن، بەرگری ئاسمانی وڵاتەکەیان فڕۆکەیەکی بێفڕۆکەوانی خۆکوژی ئەمریکی لە جۆری "لوکاس"یان لە بەندەر عەباس خستووەتە خوارەوە، تا ئێستا بەرپرسانی ئێران بە وردی لێدوانیان لەسەر شوێن و هۆکاری هەموو تەقینەوەکان نەداوە.

ئەم پەرەسەندنانە لەکاتێکدایە، سەرەڕای هەبوونی ئاگربەست لە نێوان هەردوولا لە پێشتردا، ماوەی چەند رۆژێکە هێرشە ئاسمانییەکان دەستیان پێکردووەتەوە، هێزەکانی ئەمریکا بنکەکانی ئێران دەکەنە ئامانج و تارانیش وەک وەڵامدانەوە هێرش دەکاتە سەر ئەو پێگە و شوێنانەی بە بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا لە وڵاتانی کەنداو و ناوچەکە ناویان دەبات.