عێراقچی گەیشتە قەتەر
وەزیری دەرەوەی ئێران گەیشتە دەوحەی پایتەختی قەتەر، ئەم سەردانە بە مەبەستی گەیاندنی پرسە و سەرەخۆشی بوو بۆ کۆچی دوایی شێخ حەمەد بن خەلیفە ئال سانی، ئەمیری پێشووی قەتەر.
چوارشەممە 15ـی تەمووزی 2026، عەباس عێراقچی وەزارەتی دەرەوەی ئێران لە سەردانێکیدا بۆ قەتەر، لەگەڵ بەرپرسانی باڵای ئەو وڵاتە کۆدەبێتەوە و سەرەخۆشی وڵاتەکەی دەگەیەنێت بەبۆنەی کۆچی دوایی ئەمیری پێشوو، کە رۆژی یەکشەممە لە تەمەنی 74 ساڵیدا کۆچی دوایی کرد.
ئەم سەردانەی وەزیری دەرەوەی ئێران بۆ قەتەرلە کاتێکدایە، گرژییە سەربازییەکانی نێوان ئێران و ئەمریکا جارێکی دیکە سەریهەڵداوەتەوە و پەرەیسەندووە، ئەم دۆخە مەترسی دروستکردووە لەسەر هەوڵە دیپلۆماسییەکان بۆ کۆتاییهێنان بەو جەنگەی کە لە 28ـی شوباتەوە بەهۆی هێرشە ئیسرائیلی و ئەمریکییەکانەوە دەستی پێکردووە.
بەگوێرەی راپۆرتەکان، رووبەڕووبوونەوەکان لە 7ـی تەمووز، دوای هێرشکردنە سەر چەند کەشتییەک لە ناوچەی کەنداو توندتر بوونەتەوە، سوپای ئەمریکا بە شێوەیەکی چڕ ناوچە کەناراوەکانی گەرووی هورمز دەکاتە ئامانج، لە بەرامبەریشدا هێزە ئێرانییەکان بنکەکانی ئەمریکا لە ناوچەکەدا بۆردومان دەکەن.
قەتەر کە هاوشانی پاکستان ناوبژیوانی لە گفتوگۆکاندا دەکات و میوانداری گەورەترین بنکەی سەربازی ئەمریکا دەکات لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، خۆی کەوتووەتە ناو بازنەی ئاڵۆزییەکان، رۆژی یەکشەممە وەزارەتی دەرەوەی قەتەر رایگەیاند، بۆ یەکەمجار لە دوای ئاگربەستەکەی مانگی نیسان، چەند موشەکێکی ئێرانییان تێکشکاندووە.