خاڵە بەهێز و لاوازەکانی فەرەنسا و ئیسپانیا پێش ئەوەی رووبەڕووی یەکتر ببنەوە

لامین یامال و کیلیان ئێمباپێ
لامین یامال و کیلیان ئێمباپێ

هەڵبژاردەکانی فەرەنسا و ئیسپانیا لە قۆناخی پێشکۆتایی مۆندیالی 2026 لە شاری نیویۆرک بەیەکدەگەن، براوەی ئەم یارییە لە یاریی کۆتایی رۆژی یەکشەممەی داهاتوو رووبەڕووی یەکتر دەبنەوە، ئەم یارییەش دەبێتە دووەمین رووبەڕووبوونەوەی ئیسپانیا و فەرەنسا لە مێژووی مۆندیال.

لە قۆناخی پێشکۆتایی مۆندیالی 2026 لە یاریگەی (ئای تی ئاند) لە نیویۆرک، سبەی سێشەممە لە کاتژمێر 10:00ـی شەو فەرەنسا و ئیسپانیا رووبەڕووی یەکتر دەبنەوە.

ئاماری رووبەڕووبوونەوەکانیان لە مێژوودا
لە مێژووی مۆندیال و یۆرۆ، هەڵبژاردەکانی فەرەنسا و ئیسپانیا چەندانجار بەیەکگەیشتوون، هیچ کاتێک یارییەکانی ئەم دوو هەڵبژاردەیە بە یەکسانبوون کۆتایی نەهاتووە. بۆ یەکەمجار لە مۆندیال لە قۆناخی 16ـی مۆندیالی 2006 رووبەڕووی یەکتربوونەوە، ئەوکات فەرەنسا 3ـ1 شکستی بە ئیسپانیا هێنا، گۆڵەکانی فەرەنسا فرانک ریبێری و زەینەدین زیدان تۆماریان کرد، تاکە گۆڵەکەی ئیسپانیا داڤید ڤییا کردی.
لە یاری کۆتایی یۆرۆی 1984 فەرەنسا بە دوو گۆڵی بێوەڵام لە ئیسپانیای بردووەتەوە. هەروەها لە چارەکی کۆتایی یۆرۆی 1996 فەرەنسا دیسان بە لێدانی یەکلاکەرەوە شکستی بە ئیسپانیا هێناوە، بە هەمان شێوە لە چارەکی کۆتایی یۆرەۆی 2000 فەرەنسا جارێکی دیکە شکستی کردووەتە بەشی ماتادۆرەکانی ئیسپانیا و یارییەکەی بە دوو گۆڵ بەرامبەر گۆڵێک بردووەتەوە.
دواتر ئیسپانیا دووجار لەسەریەک تۆڵەی خۆی لە فەرەنسا کردەوە، لە یۆرۆی 2012 ماتادۆرەکان بە دوو گۆڵی بێوەڵام لە کەڵەشێرەکانیان بردەوە، پاشان لە نەیشنزلیگ، ئیسپانیا بە دوو گۆڵ بەرامبەر گۆڵێک تاڵاوی شکستی بە قورگی فەرەنساییەکان دا کرد.
ئەم دوو هەڵبژاردەیە بە گشتی شەشجار رووبەڕووی یەکتربوونەتەوە، فەرەنسا چوار یاری بردووەتەوە، ئیسپانیاش دوو سەرکەوتنی هەیە، فەرەنسا 8 گۆڵی کردووە، لە بەرامبەردا ئیسپانیا 6 گۆڵی تۆمار کردووە.


خاڵە بەهێزەکانی ئیسپانیا
ئیسپانیا بە راهێنەرایەتی لویس دی لا فیۆنتێ لە مۆندیالی 2026 شەش یاری کردووە و هەر شەش یارییەکەی بردووەتەوە، سەرکەوتنەکانی بەرامبەر ئۆروگوای، سعوودیە، کاپ ڤێردی، نەمسا، پۆرتوگال و بەلجیکا. لەسەرجەم یارییەکانی ئەم مۆندیالە 13 گۆڵی کردووە و تەنیا 2 گۆڵی لێکراوە.
خاڵە بەهێزەکانی ئیسپانیا لە مۆندیالی 2026 بە راهێنەریەتی دی لا فیۆنتێ زیاتر لە هێشتنەوە و گلدانەوەی تۆپ و کۆنترۆڵی یاری و بەرپەچدانەوەی خێرایە، جگە لەوەش ماتادۆرەکان خاوەنی هێڵێکی ناوەندی زۆر بەهێزن بە بوونی یاریزانانی وەک رودری، پێدری و فابیان رویز.
خاڵێکی دیکەی بەهێزی ئیسپانیا لە هێرشە خێرایەکانی باڵەکانە کە لامین یامال سەرپەرشتی دەکات و بەخێرایی هەڵدەکوتێتە سەر ‌هێڵی بەرگری بەرامبەر، لەلایەکی دیکەیشەوە ئیسپانیا لەڕووی ڕێکخستنی تاکتیکی و هەماهەنگی، باشترین تیپی مۆندیالن و شوێنپەنجەی دی لا فوێنتێ بەڕوونی بەسەر یاریزانەکان دیارە.

خاڵە لاوازەکانی ئیسپانیا
هێندێک جار تیپی بەرامبەر لە رێگەی تۆپی هەوایی گورز لە ئیسپانیا دەدەن، بەتایبەتی کاتێک تیپی دژبەر، رودری دەخاتە ژێر فشاری توند، ڕیتمی یاریکردنی ئیسپانیا کێشەی تێدەکەوێت. لەلایەکی دیکەیشەوە ئیسپانیا بەزەحمەت لە کاتی هێرشی هەڵگەراوەی تیپی بەرامبەر، خۆی رێکدەخاتەوە.

خاڵە بەهێزەکانی فەرەنسا
فەرەنسا لەم مۆندیالە شەش یاری کردووە، هەر شەش یارییەکەی بردووەتەوە لە قۆناغی کۆمەڵەکان شکستی بە سەنیگال، عێراق و نەرویج هێنا، لە قۆناغە یەکلاکەرەوەکاندا لە سوید، پاراگوای و مەغریبی بردەوە.
خێرایی و کوشندەیی لە گواستنەوەی هێرش، بە تایبەتی بە بوونی کیلیان ئێمباپێ و عوسمان دێمبێلێ کێشەی گەورە بۆ تیپی بەرامبەر دروست دەکەن، زۆرجار فەرەنسا دەست بەسەر قووڵایی یاریگە دەگرێت و تیپی بەرامبەر لێکهەڵدەوەشێنێتەوە، هێزی جەستەیی و بەرگرییەکی ڕێکخراو و ئەزموونی زۆر لە یارییە گەورەکان، بەشێکی گەورەن لە خاڵە بەهێزەکانی فەرەنسا.

خاڵە لاوازەکانی فەرەنسا
ئەوەی دیدییە دیشامپ لێی دەترسێت هێرشە هەڵگەڕاوەکانی ئیسپانیایە، زۆرجار هێرشە خێرایەکانی تیپی بەرامبەر ئاڵۆزی و نارێکخراوی دەخاتە نێو هێڵی بەرگری فەرەنسا، جگە لەوەش کەڵەشێرەکان بەرامبەر ئەو تیپانەی تۆپ لای خۆیان دەهێڵنەوە بیر و هۆشیان لەسەر یارییەکە کەم دەکاتەوە.
بەگوێرەی میدیاکانی فەرەنسا، هەردوو بەرگریکاری هەڵبژاردەی فەرەنسا ویلیام سالیبا و ئۆپامێکانو بەشدارییان لە دوایین راهێنانەکان نەکردووە، ئەگەر ئەم دوو یاریزانە لەڕووی جەستەییەوە ئامادە نەبن رەنگە هێڵی بەرگری فەرەنسا بکەوێتە بەردەم هەڕەشەیەکی گەورەی ئیسپانیا.


کامیان لە بردنەوە نزیکترن؟
ئەگەر بارودۆخی ئێستای هەردوو هەڵبژاردە بکرێتە پێوەر، فەرەنسا بەهۆی ستافێکی بە ئەزموون و هێرشی کوشندە، کەمێک نزیکترن لە بردنەوە، بەڵام ئیسپانیا ئەگەر بتوانێت دەست بەسەر تۆپ دا بگرێت و ڕیتمی یاری بخاتە ژێر ڕکێفی خۆی، دەتوانێت فەرەنسا بخاتە ژێر فشاری تاکتیکی و سەرکەوتن بەدەست بهێنێت.