ئیسرائیل بە مەرج لە لوبنان دەکشێتەوە

بەگوێرەی بەیاننامەیەکی باڵێۆزخانەی ئەمریکا لە بەیروت، هەردوولایەنی ئیسرائیلی و لوبنان لە دانوستانەکانی نێوانیاندا لە رۆما، رێککەوتوون لەسەر کشانەوەی هەنگاو بە هەنگاوی هێزەکانی ئیسرائیل لەو ناوچانەی کە داگیریان کردووە.

چوارشەممە 15ـی تەمووزی 2026، باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە بەیروت بەیاننامەیەکی بڵاوکردووەتەوە و رایگەیاندووە، لە خولێکی نوێی دانوستانەکاندا کە لە رۆمای پایتەختی ئیتاڵیا بەڕێوەچوو، لوبنان و ئیسرائیل لەسەر میکانیزمی کشانەوەی سوپاسی ئیسرائیل لەو ناوچانەی کە داگیریکردوون لەناو خاکی لوبنان دەکشێتەوە، هەروەها لە چەند رۆژی داهاتوودا دەستدەکرێت بە جێبەجێکردنی کردەیی بڕیارەکە.

ئەم هەوڵە دیپلۆماسییانە دوای رێککەوتنەکەی 26ـی حوزەیران دێت، کە تیایدا جەخت لەسەر داماڵینی چەکی حزبوڵڵا و کشانەوەی سوپای ئیسرائیل لەو ناوچانەی تێیاندا جێگیر بووە، کراوەتەوە.

لەمبارەیەوە،  جەدعون ساعر، وەزیری دەرەوەی ئیسرائیل رایگەیاند، وڵاتەکەی ئامادەیە بۆ جێبەجێکردنی پلانەکە لەو دوو ناوچەیەی کە رێککەوتنی لەسەرکراوە.

لە لایەکی دیکەوە، حکوومەتی ئیسرائیل جەخت دەکاتەوە، تاوەکو چەکی حزبوڵڵا دانەنرێت، لە ناوچەیەکی ئەمنی بە قووڵایی 10 کیلۆمەتر لە سنوورەکانی ناکشێتەوە، ئەمە لە کاتێکدایە حزبوڵڵا دانوستانی راستەوخۆ رەت دەکاتەوە و چاوەڕوانی هەوڵەکانی ئێران دەکات بۆ راگرتنی شەڕ.

رێککەوتنی نێوان لوبنان و ئیسرائیل لە چوارچێوەی تێگەیشتنێکی فراوانتری واشنتن و تاراندا دێت بۆ سەپاندنی ئاگربەست لە ناوچەکەدا، هاوکات بڕیارە رۆژی 21ـی تەمووز، جۆزێف عۆن، سەرۆک لوبنان لەسەر بانگهێشتی فەرمی دۆناڵد ترەمپ سەردانی ئەمریکا بکات بۆ تاوتوێکردنی دوایین پێشهاتەکان.