ئەحمەد هۆشیار: ئاسمانی هەولێر بە رووی گەشتەکاندا کراوەیە

بەڕێوەبەری فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێر ئاشکرای کرد، ئاسمانی شارەکە بە رووی گەشتەکاندا کراوەیە و جووڵەی فڕۆکەکان بەردەوامە؛ ئەم دڵنیاکردنەوەیەش تەنیا کاتژمێرێک دوای ئەوە دێت کە دەنگی چەند تەقینەوەیەکی بەهێز لە ئاسمانی پایتەختدا بیستران.

چوارشەممە، 15ـی تەممووزی 2026، ئەحمەد هۆشیار، بەڕێوەبەری فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێر، لە لێدوانێکی تایبەتدا بۆ کەناڵی کوردستان24 رایگەیاند: "ئاسمانی هەولێر ئێستا بە تەواوی کراوەیە و گەشتە ئاسمانییەکان بە شێوەیەکی ئاسایی بەردەوامن."

ئەم لێدوانە دڵنیاکەرەوەیەی بەڕێوەبەری فڕۆکەخانەی هەولێر دوای ئەوە هات کە نزیکەی کاتژمێرێک لەمەوبەر، دەنگی چەند تەقینەوەیەکی بەهێز لە ئاسمانی شاری هەولێردا بیستران، کە پەرۆشی و نیگەرانیی لای دانیشتووانی پایتەخت دروستکردبوو سەبارەت بە ئەگەری راگرتنی جموجۆڵە ئاسمانییەکانی فڕۆکەخانە.

بەڕێوەبەری فڕۆکەخانەی هەولێر لە رێگەی کوردستان24ــەوە پەیامێکی ئاڕاستەی گەشتیاران و هاووڵاتییان کرد و دووپاتی کردەوە، پڕۆسەی فڕین و نیشتنەوەی فڕۆکەکان بە پێی خشتەی دیاریکراوی خۆیان بەڕێوەدەچن و کایەی ئاسمانیی پایتەخت پارێزراو و ئاساییە.