سێنتکۆم: شەپۆلێکی دیکەی هێرشەکان بۆ سەر ئێران دەستیپێکرد
هێزەکانی ئەمریکا شەپۆلێکی دیکەی هێرشە ئاسمانییەکانیان بۆ سەر ئامانجە سەربازییەکانی ناو خاکی ئێران دەستپێکرد، ئەمەش وەک وەڵامێک بۆ ئەو هەڕەشانەی ئێران لەسەر گەرووی هورمز دروستی کردوون.
ئەمڕۆ چوارشەممە (15ـی تەممووزی 2026)، فەرماندەیی ناوەندیی هێزەکانی ئەمریکا (سێنتکۆم) بڵاویکردەوە، کاتژمێر3:00ـی پاشنیوەڕۆ بەکاتی واشنتن، هێزەکانی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا دەستیان بە ئەنجامدانی دووەم شەپۆلی هێرشەکان کرد بۆ سەر بنکە و توانستە سەربازییەکانی ئێران.
سێنتکۆم ئاماژەی بەوە کردووە، هێرشەکان ئەو توانستە سەربازییانەی ئێرانیان کردووەتە ئامانج کە بۆ هەڕەشەکردن لەو کەشتییانە بەکاردێن کە بە گەرووی هورمزدا تێدەپەڕن؛ کە ڕێڕەوێکی ئاویی نێودەوڵەتیی ستراتیژی و هەستیارە بۆ بازرگانیی جیهانی.
سوپای ئەمریکا رایگەیاندووە، ئەم ئۆپەراسیۆنە لەسەر فەرمانی راستەوخۆی فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکان (سەرۆکی ئەمریکا) ئەنجام دەدرێت، بە مەبەستی لێپرسینەوە لە ئێران و رێگریکردن لەو هەڕەشانەی کە دەبنە مەترسی بۆ سەر ئازادیی هاتوچۆی کەشتیگەلە بازرگانییەکان لە ناوچەکەدا.