دەروازەی دیانای کۆن جەنجاڵی هاتوچۆی لە سۆران نەهێشتووە
پڕۆژەی دروستکردنی دەروازەی دیانای کۆن وەک یەکێک لە پڕۆژە ستراتیژی و گرنگەکانی ئیدارەی سەربەخۆی سۆران کۆتایی هات، بەهۆیەوە گرفتی هاتوچۆ لە ناوچەکەدا نەماوە و سیمایەکی جوانیشی بە شارۆچکەکە بەخشیوە.
چوارشەممە 15ـی تەمووزی 2026، پڕۆژەی دروستکردنی دەروازەی دیانای کۆن لە کۆتایی ساڵی 2023 بەردی بناغەی بۆ دانرا، لە سەرەتای ساڵی 2024 بەڕووی هاووڵاتییاندا کرایەوە، جێی ئاماژەیە، سەرەڕای ئەوەی هەشت مانگ بۆ تەواوکردنی پڕۆژەکە دیاری کرابوو، بەڵام کۆمپانیای کاڤین گرووپ توانی لە ماوەی تەنها دوو مانگدا بە ستانداردێکی جیهانی جێبەجێی بکات.
پڕۆژەکە بە درێژایی 1200 مەتر دروست کراوە و تەواوی پێداویستییەکانی وەک سەوزایی، هێماکانی هاتوچۆ، روناکی و جوانکاری بۆ ئەنجام دراوە، هەروەها یەکێک لە کارە گرنگەکان دانانی ئاوەڕۆی سندوقی بوو، کە بووە هۆی نەهێشتنی بۆنی ناخۆشی ئاوەڕۆ کە پێشتر دانیشتوانی ناوچەکەی بێزار کردبوو.
هاووڵاتییانی شارۆچکەکە سوپاسگوزاری خۆیان بۆ حکوومەت و ئیدارەی ناوچەکە دەربڕیوە، زانا تەها، هاووڵاتییەکی دانیشتووی سۆرانە، بە کوردستان24ـی گوت: "پێشتر ئەم شوێنە زۆر جەنجاڵ و ناشیرین بوو، بەڵام ئێستا بووەتە جێگای شانازی." هەروەها رزگار محەمەد، هاووڵاتییەکی دیکە، ئاماژە بەوە دەکات، ئێستا گرفتی هاتوچۆ نەماوە و رێگاکە زۆر جوان بووە.
هەروەها جەلال مستەفا و حوسێن محەمەد، وەک دوو دانیشتووی ناوچەکە، جەخت لەوە دەکەنەوە، فراوانبوونی شەقامەکە و گۆڕینی بۆ دوو ساید، کاریگەری گەورەی لەسەر پاکوخاوێنی و جوانی شارەکە هەبووە و ئێستا گەنجان وەک شوێنێکی پشوودان بەکاری دەهێنن.
ئەم پڕۆژەیە بە گوژمەی دوو ملیار و 820 ملیۆن دینار و لەسەر بودجەی ئیدارەی سەربەخۆی سۆران جێبەجێ کراوە.