وەزیرانی بەرگریی ئەمریکا و ئیسرائیل هێرشەکانی سەر ئێرانیان تاوتوێ کرد
وەزیرانی بەرگریی ئیسرائیل و ئەمریکا تاوتوێی چالاکییە سەربازییەکانی واشنتنیان لەناو ئێران کرد و تەلئەڤیڤیش سووربوونی خۆی بۆ نەکشاندنەوەی هێزەکانی لە ناوچە ئەمنییەکانی سووریا و غەززە و لوبنان دووپات کردەوە.
بەیانیی ئەمڕۆ پێنجشەممە، 16ـی تەممووزی 2026، یەسرائیل کاتز، وەزیری بەرگریی ئیسرائیل و پێت هێگسێس، وەزیری بەرگریی ئەمریکا، بە تەلەفۆن قسەیان کرد.
بە گوێرەی راگەیەنراوێکی نووسینگەی وەزیری بەرگریی ئیسرائیل، لە پەیوەندییە تەلەفۆنییەکەدا، وەزیری بەرگریی ئەمریکا زانیاریی داوەتە هاوتا ئیسرائیلییەکەی سەبارەت بە چالاکییە سەربازییەکانی وڵاتەکەی لەناو ئێران.
لەم چوارچێوەیەدا، هەردوو وەزیر جەختیان لەسەر بەردەوامیی هەماهەنگییەکانی نێوانیان بۆ رووبەڕووبوونەوەی هەر پێشهاتێکی چاوەڕواننەکراو کردووەتەوە.
هاوکات، کاتز ئاماری ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکانی ئیسرائیلی دژی ئەو گرووپانەی بە "تیرۆریست" ناویان دەبات لە سووریا و کەرتی غەززە و لوبنان، خستووەتە بەردەم هێگسێس.
لە بەشێکی دیکەی گفتوگۆکەدا، وەزیری بەرگریی ئیسرائیل بە روونی بە واشنتنی راگەیاندووە، هێزەکانیان پاشەکشە ناکەن و پێداگرن لەسەر مانەوە لەو ناوچە ئەمنییانەی لە سووریا و کەرتی غەززە و لوبنان دروستیان کردوون.
ئەمە لە کاتێکدایە، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا هەڕەشەی ئەوەی کردووە، ئەگەر ئێران رازی نەبێت بە مەرجەکانی واشنتن و لەبارەی گەرووی هورمز و بەرنامەی ئەتۆمی رێککەوتن واژۆ نەکات، ئەوا هێرش دەکەنە سەر وێستگەکانی کارەبا و ژێرخانی ئێران و دەستەبەسەر گەرووی هورمزدا دەگرن.
هەڕەشەکانیش لە کاتێکدان، بە درێژایی ئەم هەفتەیە هێزی ئاسمانیی ئەمریکا بە چڕی پێگە سەربازییەکانی ئێران لە باشووری ئەو وڵاتە دەکاتە ئامانج. بەرپرسانی واشنتن جەخت دەکەنەوە، ئامانجی هێرشەکانیان دەستەبەرکردنی ئازادیی کەشتیوانییە لە گەرووی هورمز.