کەسوکاری شەهیدان لەبارەی مووچەکانیان و ژمارەی "UPN" ئاگادار دەکرێنەوە

بەڕێوەبەرایەتییەکانی کاروباری شەهیدان لە هەڵەبجە و گەرمیان داوا لە کەسوکاری شەهیدان دەکەن پەلە بکەن لە راستکردنەوەی ژمارەی کەسی بێ هاوتا (UPN)، ئاماژە بەوەش دەدەن هەر کەسێک کێشەی ئەو کۆدەی چارەسەر نەکات، لە کاتی وەرگرتنی مووچەدا رووبەڕووی کێشە دەبێتەوە.

 ئەمڕۆ پێنجشەممە، هەریەک لە بەڕێوەبەرایەتییەکانی کاروباری شەهیدان لە هەڵەبجە و گەرمیان ئاگادارییەکیان ئاراستەی کەسوکاری شەهیدان کرد و رایانگەیاند، کە پێویستە بە مەبەستی راستکردنەوەی ژمارەی کەسی بێ هاوتا "یو پی ئێن" سەردانی بەڕێوەبەرایەتییەکانیان بکەن.

بەڕێوەبەرایەتی گشتی کاروباری شەهیدان و ئەنفالکراوانی هەڵەبجە رایگەیاند، ئەمڕۆ کۆتا رۆژە بۆ ئەوەی کەسوکاری شەهیدان سەردانیان بکەن و کۆدی (UPN) لەگەڵ خۆیان ببەن بۆ ئەوەی زانیارییەکانیان راست بکرێتەوە.

هاوکات، بەڕێوەبەرایەتیی گشتی کاروباری شەهیدان و ئەنفالکراوانی گەرمیان مۆڵەتی 10 رۆژی بۆ کەسوکاری شەهیدان دیاری کردووە، تاوەکو سەردانیان بکەن و کێشەی ژمارەی کەسی بێ هاوتا چارەسەر بکەن.

هەردوو بەڕێوەبەرایەتییەکە جەختیان کردووەتەوە، هەر کەسێک لە ماوەی دیاریکراودا ئەو کۆدەی راست نەکاتەوە، لە کاتی دابەشکردنی مووچەدا کێشەی بۆ دروست دەبێت و لەو حاڵەتەشدا بەڕێوەبەرایەتییەکان بەرپرسیار نابن، بەڵکو خودی کەسەکە بەرپرسیار دەبێت.