دروێنەی گەنم لە رۆژهەڵاتی کوردستان دەستی پێکردووە
لە گوندەکانی ڕۆژھەڵاتی کوردستان و تەنانەت زەویوزاری نزیک شارەکانیش، دروێنەی گەنم دەستی پێکردووە، دەڕاسەکان لە ھەموو شوێنێک دەبینرێن، رووبەرێکی زۆر لە زەوییە کشتوکاڵییەکان لە ھەموو پارێزگاکانی رۆژھەڵاتی کوردستان کراوەتە گەنم.
سایلۆ حکوومییەکان گەرەنتییان داوە لانی کەم لە %75 ئەو گەنمەی بەرھەم دێت لە جووتیاران بکڕنەوە، جووتیاران دەڵێن پارەکەیان درەنگ دەدەنێ و ئەوەش تووشی زیانیان دەکات.
جووتیارێک دەڵێت، کۆمپانیای تەعاوونییش بەڵێنی پێداین، کە بە نرخی رۆژ، گەنمەکانمان لێ وەرگرێت، ئەویش بەدوو جار پارەکەمان پێ دەدات، یەکەم گوژمەی پارەکە لە مانگی یەکەمی هاوین بێت و گوژمەی دووەمیشیان لە کۆتایی هاوین بێت، گوتیشی: ئێستا پارەکەمان دوادەکەوێت بەمەش نرخەکانمان دوو بەرانبەر و سێ بەرانبەر چووەتە سەرێ.
پێشبینی دەکرێت ئەمساڵ کۆی گەنمی ئێران 13 ملیۆن و 500 ھەزار تۆن بێت و لە ھەر پێنج پارێزگاکەی رۆژھەڵاتی کوردستانیش زیاتر لە 4 ملیۆن و 80 ھەزار تۆن گەنم بەرھەم بێت.
جووتیارانی کوردستان دەڵێن دامودەزگا فەرمی و پەیوەندیدارەکان ھاوکارییان ناکەن و دەبێ ھەموو شتێک بە نرخێکی گران لە بازاڕی ئازاد بکڕن.
جووتیارێکی دیکە دەڵێت، لایەنە پەیوەندارەکانی کشتوکاڵ هاوکاریمان ناکەن، ئێمە لە وەرزی بەهار و پایز دەچین پەینی کیمیایی دەکڕین، چونکە حکوومەت هیچ پەینێکی کیمیایی بە ئێمە نەداوە، ئێمە دەبێ گشت شتەکان، لە بازاڕی ئازاد بکڕین، دەرمان بکڕین، سمپاشی بکەین.
رۆژھەڵاتی کوردستان لە 10%ـی رووبەری خاک و ژمارەی دانیشتوانی ئێران پێکدێنێت، کەچی زیاتر 30%ـی کۆی گەنمی ئێران لەم بەشەی کوردستان بەرھەم دێت، ئەمەش جیا لەوەی لە پێداویستیی ناوخۆیی رۆژھەڵاتی کوردستان زۆر زیاترە، رۆڵێکی سەرەکی لە دابینکردنی ئاسایشی خۆراکی ئێراندا ھەیە.