بارێکی چەک و مووشەک لە سنووری نێوان عێراق و سووریا دەستی بەسەرداگیرا
شانەی راگەیاندنی ئەمنی فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەکانی عێراق، دەستبەسەرداگرتنی بارێکی چەک و مووشەکی لەسەر سنووری عێراق – سووریا راگەیاند.
ئەمڕۆ پێنجشەممە 16ـی تەممووزی 2026، شانەی راگەیاندنی ئەمنی فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەکانی عێراق، راگەیەندراوێکی بڵاوکردووەتەوە و ئاشکرای کردووە، هەوڵێکی بەقاچاخ ئاودیوکردنی چەک و مووشەکیان لە سەر سنووری عێراقەوە بۆ ناو خاکی سووریا شکست پێهێناوە، هەروەها رایگەیاندووە، لەسەر رێنماییەکانی فەرماندەیی گشتیی هێزە چەکدارەکان، لیژنەیەکی باڵا لە دەسەڵاتە پەیوەندیدارەکان و پسپۆڕان پێکهاتووە بۆ لێکۆڵینەوە لەم بابەتە بەوری.
هەروەها خەجتی کردووەتەوە، هەماهەنگی لەگەڵ لایەنی سووریا دەکرێت بۆ دڵنیابوون لە هەموو وردەکارییەکانی پەیوەست بەم ئۆپەراسیۆنە و لێپرسینەوە لە بەرپرسان، بەمەش ئاسایش و سەقامگیری سنوورە هاوبەشەکە مسۆگەر دەکرێت و رێگری لە هەر هەوڵێک دەکەن کە بۆ تێکدانی ئاسایشی نیشتمانی دەکرێت.
لەلای خۆیەوە، هەر ئەمڕۆ وەزارەتی ناوخۆی سووریا لە راگەیەندراوێکدا ئاشکرای کرد، هەوڵی بەقاچاخبردنی بارێکی چەک و مووشەکی لە سەر سنووری سووریا و عێراق پوچەڵکردەوە، ئاماژەی بەوەشداوە، لە لێکۆڵینەوە سەرەتاییەکاندا دەرکەوتووە، ویستوویانە بارەکە لەرێگەی خاکی سووریاوە بگوازنەوە بۆ حزبوڵڵا.
وەزارەتی ناوخۆ شوێنی دەستبەسەرداگرتنی بارە چەکەکە و ژمارەی ئەو کەسانەی تێوەگلاون نەخستەڕوو، هەروەها هیچ لێدوانێکیش لەلایەن عێراق و حزبوڵڵاوە سەبارەت بەو رووداوە رانەگەیاندراوە.