لەبارەی باڵۆن دۆر روونکردنەوەیەک بڵاوکرایەوە

مەرج نییە براوەی باڵۆن دۆر لە یانەیەکی ئەوروپا یاریی بکات

لیۆنێل مێسی کاپتنی هەڵبژاردەی ئەرجەنتین
لیۆنێل مێسی کاپتنی هەڵبژاردەی ئەرجەنتین

مۆندیالی 2026 لە کۆتایی نزیک دەبێتەوە و مشتومڕێش لەبارەی بەربژێرانی باڵۆن دۆر تا دێت گەرمتر دەبێت، بەڕێوەبەرانی بەخشینی خەڵاتی باڵۆن دۆر روونکردنەوەیەکی بڵاوکردەوە و ئاماژە بۆ ئەوە دەکەن مەرج نییە براوەی باڵۆن دۆر لە یانەیەکی ئەوروپا یاریی بکات.

گۆڤاری فرانس فووتبۆڵ ساڵانە خەڵاتی باڵۆندۆر دەبەخشێتە باشترین یاریزانی جیهان، ئاست و دەستکەوتەکانی یاریزانەکە لە ماوەی مانگی ئابی ساڵی رابردوو بۆ مانگی ئەیلوولی ساڵی داهاتوو دەکرێتە پێوەر، بەپێی ئەم هەڵسەنگاندن و وادەیە بێت، مۆندیال کاریگەری لەسەر بەربژێرانی باڵۆن دۆر دەبێت چونکە کەوتووەتە نێو ئەو ماوەیەی کە گۆڤارەکە دیاریکردووە.

گۆڤاری فرانس فووتبۆڵ روونکردنەوەیەکی بڵاوکردووەتەوە و نووسیوەیەتی: خەڵاتی باڵۆن دۆر لە ساڵی 1956 لەلایەن تۆپی پێی فەرەنسا دروستکراوە، لە سەرەتادا خەڵاتەکە تەنیا دەدرایە باشترین یاریزانی ئەوروپی کە لە خولێکی ئەوروپیدا یاری بکات، تا ساڵی 1995 بەمشێوازە بەردەوام بوو، دواتر خەڵاتەکە بووە جیهانی و دەرفەت درایە یاریزانانی هەموو کیشوەرەکانی دونیا، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا تا 2007 خەڵاتەکە لەلایەن یاریزانانی خولە ئەورووپییەکان بەدەستهات، بەڵام لە دوای ساڵی 2007 هیچ سنوورێک دیاری نەکراوە و هەموو یاریزانێک لە هەر خولێکی جیهان یاری بکات دەتوانێت خەڵاتەکە بباتەوە.

لیۆنێل مێسی لە 2023 بووە یەکەمین یاریزان لە خولێکی دەرەوەی ئەورووپا یاری بکات و خەڵاتی باڵۆن دۆر بباتەوە، مێسی کاتێک هەشتەمین خەڵاتی باڵۆن دۆری بردەوە لە خولی ئەمریکا یاری بۆ ئینتەر مەیامی دەکرد، بۆ ساڵی 2026 دیسان دەکرێت یاریزانێک خەڵاتی باڵۆن دۆر بەدەستبهێنیت، بەبێ ئەوەی لە ئەورووپا یاری بکات.

هەموو ساڵێک گۆڤاری فرانس فووتبۆڵ سەرەتا لیستیكی 100 یاریزانی بۆ بردنەوەی باڵۆن دۆر بەربژێر دەکات، پاشان لیستەکەی بۆ 30 یاریزان کەم دەکاتەوە، پاشان 100 رۆژنامەنووس لە 100 وڵاتی جیاواز دەنگ دەدەن، ئەو 100 رۆژنامەنووسە لەسەر بنەمای ریزبەندەی فیفا بۆ باشترین هەڵبژاردەکانی جیهان دەستنیشان دەکرێن، پاشان گۆڤارەکە ناوی ئەو 30 یاریزانە بۆ هەر 100 رۆژنامەنووسەکە دەنێرێت و پێیاندەڵێت لە کاتی دەنگدان رەچاوی ئەم تایبەتمەندیانە بکەن کە پێکهاتوون لە ئاستی تاکەکەسی یاریزانەکە، برنەوەی نازناوی بە کۆمەڵ، رەوشتی یاریزانەکە لە نێو یاریگە و دەرەوەی یاریگە.

 هەر رۆژنامەنووسێک دەنگ بە پێنج یاریزان دەدات، لە کاتی دەنگدانەکە رۆژنامەنووسەکە ئەو یاریزانەی لە ریزبەندی یەکەمی دادەنێت پێنج خاڵی پێدەدات، یاریزانی دووەم چوار خاڵی بۆ دادەنێت، یاریزانی سێیەم سێ خاڵی بۆ دادەنێت، یاریزانی چوارەم دوو خاڵ و یاریزانی پێنجەم کەمترین خاڵی بۆ دادەنێت کە تەنیا یەک خاڵە.