زە هیڵ: پڕکردنەوەی کۆگاکانی تەقەمەنی ئەمریکا 4 ساڵی دەوێت
رۆژنامەی "زە هیڵ"ی ئەمریکی بڵاویکردەوە، جەنگی ئەمریکا دژی ئێران بڕێکی زۆر لە تەقەمەنییەکانی واشنتنی بەکاربردووە، ئاماژەی بەوەش کردووە، دووبارە پڕکردنەوەی ئەم کۆگایانە رەنگە لانی کەم 4 ساڵی پێبچێت.
پێنجشەممە 16ـی تەممووزی 2026، رۆژنامەی "زە هیڵ"ی ئەمریکی لە راپۆرتێکدا ئاماژەی بەوەکردووە، هێنانەدی ئامانجی پڕکردنەوەی کۆگاکانی تەقەمەنی ئەمریکا، بەستراوەتەوە بە رەزامەندی کۆنگرێس لەسەر پەسەندکردنی بودجەیەکی بەرگری بە بڕی 1.5 تریلیۆن دۆلار، ئەوەش هەمان ئەو ئاستەیە کە پێشتر دۆناڵد ترەمپ بۆ بودجەی ساڵی 2027 داوای کردبوو.
هەر بەگوێرەی راپۆرتەکە، دەستپێکردنەوەی هێرشەکانی ئەمریکا بۆ سەر ئێران لەم دواییانەدا، رەنگە ببێتە هۆی زیاتر بەکاربردنی تەقەمەنی، ئەمەش دەبێتە هۆی دواکەوتنی گەڕانەوەی جبەخانەی ئەمریکا بۆ ئاستی پێشووی و درێژکردنەوەی ئەو ماوەیەی کە بۆ پڕکردنەوەی کۆگاکان پێویستە.
لە هەمان چوارچێوەدا، پێشتر تۆڕی "سی ئێن ئێن" لە زاری بەرپرسێکی وەزارەتی جەنگەوە بڵاویکردبووەوە، کۆگاکانی هەندێک چەکی سەرەکی ئەمریکا هێشتا بەتاڵن، لە کاتێکدا پێنتاگۆن کار دەکات بۆ فراوانکردنی بنکەی پیشەسازی تایبەت بە بەرهەمهێنانیان، ئەو بەرپرسە روونیکردەوە، وەزارەتی جەنگ هەوڵ دەدات سوود لە دوایین داهێنانەکان وەربگرێت بۆ بەهێزکردنی بەرهەمهێنان و زیادکردنی توانای زنجیرەکانی دابینکردن، تاوەکو دڵنیایی بدات لە دووبارە بونیادنانەوەی کۆگا سەربازییەکان بە خێراییەکی زیاتر.
بەپێی راگەیەندراوی فەرماندەیی ناوەندی هێزەکانی ئەمریکا ( سێنتکۆم )، واشنتن لە 8ـی تەممووزدا هێرشەکانی بۆ سەر ئێران دەستپێکردەوە، وەک وەڵامێک بۆ هێرشە درۆنییەکان کە کەشتییە بازرگانییەکانی لە گەرووی هورمز کردبووە ئامانج.
لە بەرامبەریشدا، هێزەکانی ئێران هێرشی تۆڵەسەندنەوەیان کردە سەر بنکە سەربازییەکانی ئەمریکا لە چەند وڵاتێکی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست.
دۆناڵد ترەمپ لە 9ـ ی تەممووزدا رایگەیاند، ئاگربەست لەگەڵ ئێران چیتر کاری پێناکرێت، ئەمەش دەرگای بە رووی شەپۆلێکی نوێی پەرەسەندنی سەربازیدا کردەوە، دواتر لە 12ـی تەممووزدا، ئێران داخستنی گەرووی هورمزی راگەیاند تا ئەو کاتەی دەستێوەردانی ئەمریکا لە ناوچەکەدا کۆتایی دێت.
لە بەرامبەریشدا، ترەمپ گەمارۆیەکی دەریایی تەواوەتی بەسەر ئێراندا سەپاند، کە هەموو ئەو کەشتییانە دەگرێتەوە کە بەرەو بەندەرەکانی ئێران دەچن یان لێیانەوە دێن، جگە لەو کەشتییانەی کە هەر جۆرە بارێکی ئێرانییان هەڵگرتووە.