حوسی هەڕەشە لە سعوودیە دەکات
رێبەری حوسییەکانی یەمەن رایگەیاند، سعوودیە لەگەڵ ئەمریکا، ئیسرائیل و بەریتانیا هاوکارە بۆ ئاژاوەنانەوە لە جیهانی ئیسلامیدا، هاوکات بەردەوامن لە پووچەڵکردنەوەی هەر هەڵوێستێکی یەکگرتوو بۆ پاڵپشتی لە دۆزی فەڵەستین و رووبەڕووبوونەوەی "ستەمکاری ئەمریکی-ئیسرائیلی".
پێنجشەممە 16ـی تەممووزی 2026، عەبدولمەلیک حوسی، رێبەری حوسییەکانی یەمەن لە وتارێکدا کە تایبەت بوو بە دوا پێشهاتەکانی یەمەن و ناوچەکە، رایگەیاند: " ئەمریکا و ئیسرائیل ئەنجامدانی کۆمەڵکوژی بەوپەڕی تاوانکاری و ستەمکارییەوە و بەبێ رەچاوکردنی ژیانی مرۆڤەکان ئەنجامدەدەن." گوتیشی: "دوژمنان رێز لە هیچ رێککەوتن و لێکتێگەیشتن و پابەندی و یاسایەکی نێودەوڵەتی ناگرن."
سەبارەت بە هێرشەکانی سەر یەمەن، حوسی ئاماژەی بەوە کرد، "سعوودیە رێزی دراوسێیەتی نەگرت و دەستدرێژییەکی ستەمکارانە و دڕندانەی بە سەرپەرشتی ئەمریکا، هاوبەشی بەریتانیا و بە پاڵپشتی و هاندانی ئیسرائیل، کردە سەر گەلی یەمەن."
هەروەها باسی لەوەش کرد، "ئازارەکانی ئوممەت زیاتر دەبن بەهۆی رۆڵی تێکدەرانە و نەرێنی هەندێک رژێمی عەرەبی و ئیسلامییەوە کە لە رووی سیاسی، دارایی، سەربازی، ئەمنی و راگەیاندنەوە لەگەڵ دوژمن هاوکارن بۆ بە ئامانجگرتنی گەلان."
دەربارەی غەززە و لوبنان، رێبەری حوسییەکان گوتی: "دوژمن بە ئاشکرا رایگەیاندووە هەوڵدەدات داگیرکردنی 70%ـی کەرتی غەززە تەواو بکات و بانگەشەی مافی داگیرکردنی بەشێک لە غەززە و باشووری لوبنان دەکات و ناوی جیاوازی وەک (ناوچەی ئەمنی) لەو خاکانە دەنێت."
ئەم لێدوانەی رێبەری حوسییەکانی یەمەن دوای ئەوە دێت، رۆژی دووشەممە 13ـی تەممووز، فرۆکەخانەی سەنعای نێودەوڵەتی لە لایەن سعوودیەوە کرایە ئامانج، بە هۆیە گرژییەکانی نێوان هەردوو وڵات جارێکی دیکە پەرەسەند، لە بەرامبەردا یەمەن بە مووشەکی بالیستی باشووری سعوودیەی بۆردومانکرد و تاوەکو ئێستاش ئاڵۆزی نێوانیان بەردەوامی هەیە.