ئێران لە وەڵامی ئەمریکادا هێرشی کردە سەر بەحرین و کوەیت

سوپای کۆماری ئیسلامیی ئێران رایگەیاند، وەک وەڵامێک بۆ هێرشەکانی ئەمریکا بۆ سەر ژێرخانە مەدەنییەکانی وڵاتەکەی، لە رێگەی درۆنی خۆکوژەوە بنکەی ئاسمانیی سەخیری لە بەحرەین کردووەتە ئامانج. لەم هێرشەدا کە بەشێکە لە قۆناخی یازدەیەمی ئۆپەراسیۆنی ساعیقە، شوێنی جێگیربوونی فڕۆکە و هێلیکۆپتەرەکانی ئەمریکا کراونەتە ئامانج.

هەینی 17ی تەممووزی 2026، پەیوەندییە گشتییەکانی سوپای ئێران لە ڕاگەیەندراوێکدا ئاماژەی داوە، وەک تۆڵەیەک لە بەرامبەر کردەوە دوژمنکارانەکانی ئەمریکا لە بەئامانجگرتنی ژێرخانە شارستانییەکان و خەڵکی بێتاوان، هێزەکانیان ئۆپەراسیۆنێکی چڕیان بۆ سەر بنکەی سەخیر لە بەحرەین ئەنجام داوە.

بەپێی راگەیەندراوەکە، سوپای ئێران درۆنی جۆری ئارەشی بۆمبڕێژکراو بەکارهێناوە بۆ پێکانی شوێنی جێگیربوونی هێلیکۆپتەرەکان و فڕۆکە پێشکەوتووەکانی جۆری (P8)ی ناسینەوە و سیخوڕی، کە سەر بەو هێزانەن کە ئێران وەک سوپای ئەمریکا وەسفیان دەکات.

سوپای ئێران جەختی کردەوە، ئاسایش و سەربەخۆیی وڵاتەکەیان هێڵی سوورە و رایگەیاند: "لە بەرامبەر هەر شەڕەنگێزییەکدا، وەڵامی ئێمە خێرا و یەکلاکەرەوە دەبێت." هەروەها هۆشدارییان دایە واشنتن و هاوپەیمانەکانی لە هەر جۆرە هەڵەیەکی لێکدانەوە سەبارەت بە توانای سەربازیی سوپا و سوپای پاسداران، و رایانگەیاند، هەر هەوڵێکی لەو شێوەیە باجێکی یەکجار قورسی بۆ دوژمن دەبێت.

هاوکات سعوود عەبدولعەزیز عەتوان، گوتەبێژی فەرمیی وەزارەتی بەرگریی کوەیت، رایگەیاند: "هێزە چەکدارەکانمان لە بەرەبەیانی ئەمڕۆوە، 32 درۆنی دوژمنکارانەیان لە ناو سنووری ئاسمانیی وڵاتدا بەدی کردووە و دەستبەجێ بەرپەرچ دراونەتەوە و تێکشکێنراون."

گوتەبێژەکە ئاشکرای کرد، ئەم "دەستدرێژییە ئێرانییە" ئامانجی بووە چەند دامەزراوەیەکی گرنگ و ستراتیژی لە ناوخۆی کوێت بپێکێت. ئاماژەی بەوەش دا، لە ئەنجامی پڕۆسەی تێکشکاندنی ئەو ئامانجە دوژمنکارانەیە، پاشماوە و پارچەی درۆنەکان لە چەند ناوچەیەکی نیشتەجێبوون کەوتوونەتە خوارەوە، ئەمەش بووەتە هۆی کەوتنەوەی زیانی ماددی، بەڵام هیچ زیانێکی گیانی لە ناو هاووڵاتییاندا تۆمار نەکراوە.

وەزارەتی بەرگریی کوەیت جەختی کردەوە، سوپای وڵاتەکە لەوپەڕی ئامادەباشی و چاوکراوەییدایە بۆ پاراستنی سەروەریی خاک و ئاسایشی نیشتمانی و سەلامەتیی هەموو دانیشتووانی وڵاتەکە. ئەم پەرەسەندنە ئەمنییە مەترسیدارە نیشانەی فراوانبوونی بازنەی ململانێکانە لە ناوچەکەدا، بە جۆرێک کە پڕوشکی شەڕی واشنتن و تاران بەر وڵاتانی دراوسێی ناوچەی کەنداو کەوتووە.